دەوڵەتی ئوستڕالیا بە هۆی ساختەکاری و بەرتیل خۆری کارمەندەکانی باڵویزخانەی ئۆسترالیا لە تاران، پێدانی ویزای بۆ ئێرانییەکان ڕاگرت.
پێشتر هۆشداریی درابوو بە وەزارەتی نیوخۆی ئۆسترالیا کە لە ڕێگای هێندێک لایەنی ئێرانییەوە لە ڕێگای بەرتیلەوە ویزا دەدرێتە ئێرانییەکان بۆ ئەوەی سەفەری وڵاتی ئوسترالیا بکەن یا لەوێ بمێننەوە. هەر بەو مەبەستە دەوڵەتی ئوسترالیا ویزای بۆ ئێرانییەکان ڕاگرت و ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ ویزا وەربگرن دەبێ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە زانیارییەکانیان بنێرن و بۆ ئوسترالیا و لەوێ کەسانی پسپۆر و شارەزا لە وەزارەتی نێوخۆ کەیسەکانیان هەڵدەسەنگێنن و دواتر بڕیاری پێدان یا نەدانی ویزایان لە سەر دەدرێ.
بەشی ویزای سەفارەتی ئۆسترالیا لە کاتێکدا ڕاگیرا کە باڵوێزخانەی ئوسترالیا لە تاران وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا ئاگار کردبۆوە و هێندێک لە کارمەندەکانی تۆمەتبار کردبوو بە ساختەکاری باڵوێزخانەکەی لە تاران و ڕاپۆرتێکی بۆ بەشی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕەوانە کردبوو. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەکرابوو کە گرووپێک لە ڕێگای نایاساییەوە کە پێوەندیەکی تایبەتییان لەگەڵ باڵوێزخانەی ئوسترالیا هەیە، بۆ پێدانی ویزا بە مشتەرییەکانیان دەیان هەزار دۆلاریان وەرگرتووە. دوای لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتە، دەوڵەتی ئوسترالیا بڕیاریدا کە بەشی ویزا لە باڵوێزخانەی ئوسترالیا لە تاران ڕاگیرێ.
بێگومان ئەو کارانە لە لایەن کەسانی دەستڕۆیشتووی دەوڵەتی ئێرانەوە دەکرێ کە بە هۆی پێوەندییەکانیانەوە لەگەڵ کارمەندانی سەفارەتەکان کە زۆربەیان ئێرانیین ئەنجام دەدرێن.
دزی و گەندەڵی و ساختەکاریی هەموو جومگەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داگرتووە و پەنا بۆ هەر کارێکی نایاسایی دەبەن بۆ ئەوەی بە مەبەستەکانیان بگەن و کەسانی نزیک لەخۆیان ڕەوانەی وڵاتان بکەن بۆ کاری تێکدەرانە وئاژاوەگێڕی. ساختەکاری و بەرتیلخۆری لە ئێران بۆتە پیشە و کاربەدەستانی دەوڵەت لەو ڕێگایەوە پارەیەکی زۆریان دەستکەوتووە و ئەو بەرتیلخۆرییە لە کاربەدەستانی پلە یەکی ڕێژیمەوە سەرچاوەی گرتووە و هەر ڕۆژە کەسێک بەهۆی دزی و بەرتیلەوە ناوی دێتە نێو لیستی گەندەڵکارانی حکوومەتی ئێرانەوە.