دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی سەرچناری ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی ڕێبەندان حاجی خەدیجە سولەیمانییە، دایکی هاوڕێی پێشمەرگە و کادری لەمێژینەی حیزبمان کاک عەبدوڵلا عەزیززادە و خوشکی شەهید ئیبراهیم سولەیمانییە بەهۆی پیری و نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
حاجیە خەدیجە ژنێکی نیشتماندۆست، دایکێکی پێشمەرگەپەروەر و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دڵسۆزی کوردستان بوو. ئەو دایکە بەڕێزە شانازیی بە ڕێبازی براشەهیدەکەی و کوڕە پێشمەرگەکەی دەکرد و هەموو ئاواتی سەرکەوتنی میللەتەکەی و ئازادیی وڵاتەکەی بوو. پێگە و کەسایەتیی بەرزی حاجیە خەدیجە ئەوی کردبووە خۆشەویست و جێی ڕێزی خەڵکی سەرچنار و ناوچەی چۆمی مەجیدخان.
جێی باسە شەهید ئیبراهیم سولەیمانییە، برای حاجیە خەدیجە یەکێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کورددستان بوو کە لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی و لەسەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا لە باشووری کوردستان گیانی لە پێناو ئازادیی نەتەوەکەیدا بەخشی.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی حاجیە خەدیجە، سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری لە ئاوایی سەرچنار و چۆمی مەجیدخان، بەتایبەت هاوڕێ کاک عەبدوڵڵا عەزیززادە دەکا و خۆی بە شەریکە خەم و ماتەمیان دەزانێ.