ئەندامێکی ئەنجومەنی ئەسڵی ٩٠ لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی بە ڕەخنە گرتن لە شێوەی دابەشکردنی دۆلاری دەوڵەتی ڕایگەیاند دۆلاری تایبەت بە هاوردە کردنی گۆشت لە جێگەی دیکە سەرمایەگوزاری پێکراوە و نەگەیشتوتە بەشی کاری خۆی
بە وتەی ناوبراو ئەو بەشە لە دۆلاری 4200تمەنی دەوڵەتی کە بۆ بەشی هاوردەکردنی گۆشت تەرخان کراوە لە شوێنەکانی دیکەدا بەکار هێنراوە و بەشی پێوەندیدار بە گۆشتەوە تووشی کێشە بووە.
“وەلی داداشی” ئەندامی ئەنجومەنی ئەسڵی ٩٠ پاڕڵەمانی ئێران ئاماژەی بەوەکرد کاڵا تایبەتییەکان دۆلاری دەوڵەتی دەگرنەوە و کەچی ڕەوتی گران بوونی ئەو کاڵایانە هەر درێژەی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ و بەردەوام بەرەو زیادبوون دەڕوات
بە وتەی ناوبراو، قاچاغی شتومەک لە شوێنە ڕەسمییەکانی وڵات ئەنجام نادرێت. بە واتایەکی دیکە دەرگەی گومرگ لەسەر هەناردە و هاوردەی کاڵا پێویستەکان داخراوە.
ئەندامئ ئەنجومەنی ئەسڵی ٩٠ بە ئاماژە بە پێویستی چاوەدێری لەسەر تەرخانکردنی دۆلاری دەوڵەتی بۆ کاڵا پێویستەکان وتی :” گومانێک نییە کە دەوڵەت دەبێ لە سەر تەرخانکردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی چاوەدێری هەبێ بەڵام وا دیارە کە دەوڵەت لە هێندێک بواردا نرخەکانی بەرەڵا کردووە ئەویش بە هۆکاری ئەوەی لە جیاوازی نێوان نرخەکان بە قازانجی دەوڵەتە”.