ژنێکی دڵسۆزو نیشتماندۆست لە ناوچەی نەغەدە کۆچی دوایی کرد.
بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی نەغەدە بە دەستمان گەیشتوە، حهوتووی ڕابردوو دایە خاتوون محەممەدی ناسراو بە خاتووزین، هاوسەری سۆفی خالەق خەڵکی ئاوایی دەربەندی ناوچەی سندووس کۆچی دوایی کرد.
دایە خاتووزین ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو کە هەر لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانو پەیوەستبوونی هاوسەرەکەی، سۆفی خالەق محەممەدی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات، ئەویش بوو بە پشتیوان و هاوکاری هاوسەرەکەیو هەموو تێکۆشەرانی حیزب لە ناوچەی سندووسی نەغەدە.
ئەگەر سۆفی خالەق لە ڕێزی پێشمەرگە و هێزی بەرگری و شانەی حیزبی دا، تێ دەکۆشا، دایە خاتووزینیش وەک ژنێکی حیزبدۆستو پشتو پەنای کادرو پێشمەرگەکان، دەرگای ماڵی بۆ ڕۆڵەکانی خۆی هەموو کات لە سەر پشت بوو. کاتێکیش هاوسەرەکەی بە هۆی هەڵكشانی تەمەنو پیری، چەکی پێشمەرگایەتی دانا و ژیانی ئاسایی دەست پێکردەوە، دایە خاتووزین شانبەشانی مێردە دڵسۆزەکەی، لە سەر هاوکاری و پشتیوانیی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لەم ناوچەیە بەردەوام مایەوە. پوور خاتوون،دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەشی بە ڕێگا و ئامانجەکانی حیزبی دیموکرات وەفادار مایەوە و لە نیشاندانی دڵسۆزی و وەفاداری بە ڕێبازی دیموکرات و ڕۆڵە پێشمەرگەکانی، درێغی نەدەکرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە خاتووزین محەممەدی سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕیزەکەی و هەموو خەڵکی دەربەند دەکەین.