یەحیا ڕەحیم سەفەوی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و ڕاوێژکاری باڵای ئێستای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان گوتی، گەلەکۆمەیەک دژی شۆڕشی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن دەسەڵاتدارانی جیهانی و سەهیۆنیستی جیهانیی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.
ناوبراو ئەمریکا و ئیسڕاییلی تۆمەتبار کرد کە بە کەڵک وەرگرتن لە توانای مێدیایی و ڕاگەیاندن، هەوڵێکی ڕەوانیی بەربڵاویان لە پێوەندی لە گەڵ دەستڕۆیشتووی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامەی مووشەکیی ئێران وەڕێخستوە کە دەیانهەوێ لەو ڕێگایەوە بیروڕای گشتی و رەفتاری دەوڵەتەکان لەگەڵ ئێران بگۆڕن. ئاکامی ئەو هەوڵەی ئەوان ڕێبەریی کردنی ئاژاوەی ساڵەکانی ١٣٨٨و ١٣٩٦ی هەتاویی لەنێوخۆی وڵات بوو.
ڕەحیم سەفەوی لە قسەکانی خۆیدا پێشنیاری کرد، بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو شەڕەی کە دژی ئێران وەڕێخراوە، لەگەڵ دەوڵەتانی چین و ڕووسیە کە دژبەری ئەمریکان، زیاتر پەرە بە پێوەندیەکانیان بدەن.
پێش قسەکانی ڕەحیم سەفەوی، “سەرگئی ڕیابکۆف” جێگری وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە گوتبووی کە ئێران هاوپەیمانی ستراتێژیکی رووسیە نییە و ئەمنییەتی ئیسڕاییل بۆ ئێمە زۆر گرینگە.
هاوکات لەگەڵ ئەو قسانەدا “حوسێن سەلامی” جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێرێکدا، هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیلی کرد و گوتی کە ستراتیژی ئێمە لەنێوبردنی ئیسڕاییلە لەسەر جوغڕافیای سیاسیی جیهان.