بە بەشداریی هەیئەتێکی کومیتەی “ئۆرێبروو”ی حدک کۆبوونەوەیەکی حیزبو ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەڕێوەچوو.
لە سەر بانگهێشتی رەسمییکومیتەی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری ئۆرێبرووی سوید، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی جولای ٢٠١٥ زایینی، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری ئۆرێبروو، بەشداری کۆبوونەوەیەکیان کرد کە نوێنەرایەتیی زۆربەی حیزبو ڕێکخراوە کوردستانییەکان تێیدا بەشدار بوون.
ئەو کۆبوونەوەیە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستانو بە تایبەت هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی تورکیە بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە بناری قەندیل و هەڵگیرسانەوەی شەڕ دژ بە کورد لە باکووری کوردستان ڕێکخرابوو.
هەروەها مەبەستێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە کە بە دەستپێشخەریی کومیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو شارە ڕێکخرابوو، یەکخستنی دەنگی هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان دژ بەو هێرشانە بوو کە دەکرێنە سەر کورد.
لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، وێڕای دەربڕینی پشتگیری خۆیان بۆ دۆزی کورد لە باکووری کوردستان، بەڵێنیان دا کە لە هەموو هەلومەرجێکدا پشتیوانی یەکتر بن.