تۆپبارانکردنی ئەم چەند رۆژەی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان و بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە، کە تا ئێستا بە دەیان قوربانیی لە خەڵکی مەدەنی و گریلاکانی لێ کەوتۆتەوە، کۆمەڵە بۆچوون و روانگەیەکی لە نێو هێندێک لایەنی کورد دا لێ سازبووە کە بە هیچ شێوەیەک بە قازانجی خەڵکی کوردستان نیە.
ماوەیەک پێش ئێستا بههۆی پهرهسهندنی گرژی و ئاڵۆزییهکانی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و پهکهکه، چەند بەرپرسێکی سەرەوەی پارتی وتبوویان کە دەبێ پارتی کرێکارانی کوردستان خاکی باشووری کوردستان بەجێ بهێڵن. هەرچەند رۆژ دوای ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی پارتی، لە ئاکامی تەقینەوەیەک دا لە شارۆچکە پرسووس لە باکووری کوردستان کە داعش گرتیە ئەستۆ و هەروەها دواتر کوژرانی دوو پۆلیسی تورک کە باڵی سەربازیی پەکەکە رایگەیاند کە ئەوان کوشتوویانن، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە بنکەو بارەگاکانی پەکەکەیان کردە ئامانج.
لە دوایین تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لە لایەن تورکیەوە، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە کۆمەڵێک لە خەڵکی بێ تاوانی ئاوایی “زارگهڵ” لە بناری قەندیل هاوڕێ لە گەڵ چەند گریلایەک گیانیان لە دەست داو بە دەیان کەسی دیکەیش بریندا بوون، کە ئەم هەڵوێستە دەوڵەتی تورکیە مەحکووم و مایەی شەرمەزاری یە.
جیا لەوەیکە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی شەڕوپێکدانان لە نێوان ئەرتەشی تورکیەو گریلاکانی پەکەکەدا، چەندە دەتوانێ زیان بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە بگەیەنێ، ئەوەی لەم نێوەدا جێی تێڕامان و نیگەرانییە، تەشەنە سەندنی ئاڵۆزیی نێوان دوو هێزی سەرەکی و شوێندانەری دوو پارچەی باشوورو باکووری کوردستان، واتە ؛ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی دێموکراتی کوردستان (پارتی)یە.
لە لایەک میدیاکانی سەر بە پەکەکە، پڕوپاگاندای ئەوە دەکەن کە گوایا، هێرشی ئەمدواییانەی تورکیە بۆ سەر بنکەوبارەگاکانی پەکەکە چراسەوزی پارتی دێموکراتی لە پشتەو لە لایەکی دیکەیشەوە میدیاکانی پارتی ، هۆکاری هێرشی تورکیە بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان و زیانگەیاندنی گیانی و ماڵیی بە خەڵکی ئەم دەڤەرانە، لە بوونی گریلاکانی پەکەکەو بارەگاکانی پەکەکە لەم شوێنانەدا دەبینن.
بەڵام لە راستی دا هەمووی ئەمانە رواڵەتێکی رووکەشی مەسەلەکەن و گەورەکردنەوەیان، تەنیا بە زیانی پرسی کوردە. بۆیە پێویستە لە بازنەیەکی گەورەتر دا سەرنجی گشت ئەو سیناریۆ ناروونانە بدەین کە دهوڵهتانی ناوچهکه له پشتیانن و بێگومان بەشێکی بەرچاویان پێوەندیی راستەوخۆیان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی پارلمانیی تورکیەوە هەیە.
لەم هەڵبژاردنانەدا کورد لە باکووری کوردستان بە کۆبوونەوە لە دەوری پارتی دێموکراتی گەلان(هەدەپ) نوانییان ٨٠ کورسی لە پارلمانی تورکیە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و لە بەرانبەردا پلانی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە)، بۆ چەسپاندنی سیستەمی پەرلمانی، بە دابەزینی زۆرێک لە دەنگەکانی شکستی خوارد.
لە گەڵ ئەوەیکە پێویستە دان بەوەدا بنێین کە هەم خودی هەدەپ و هەمیش پەکەکە نەیانتوانی بە درووستی سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردنەکان دا لە خانەی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە رێگای سازانەوە مودیرییەت بکەن و زیاتر لە جاران دەوڵەتی ئەردۆغان ناچار بە درێژەدان بە پێواژۆی ئاشتی بکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەیشەوە، دەوڵەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانیش، لە بیری قەرەبووکردنەوەی شکستی حیزبەکەیدا بوو. ئەوەبوو کە بە هەڕەشەکردن لە هەدەپ و لایەنەکانی دیکەی براوە لە هەڵبژاردنەکان، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختی هێنایە ئاراوە.
ئەوەی لە ئێستادا بۆ کورد لە باکووری کوردستان پێویست و گرینگە، لێکدانەوەی زەرەرو قازانجەکانی خۆیەتی. پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە بۆ کورد لەم بەشەی کوردستاندا، دەسکەوتێکی مێژووییە کە قوربانییەکی زۆری بۆ دراوەو پێویستە کورد لەم قەزییەیەدا هوشیارانە هەنگاو بنێ.
تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان کورد تورک نەتەنیا ناتوانێ هیچ ئاکامێکی دڵخوازی لێ بکەوێتەوە، بەڵکوو دەستی لایەنە تووندرەوەکانی هەردوو لای پرسەکە ئاوەڵا دەهێڵێتەوە کە کەلێنەکان بەرینتر بکەنەوە.
کەوایە ئەوەی لەم پێوەندییەدا دەبێ لایەنی کوردی لە بەرچاوی بێت دوو مەسەلەیە؛ یەکەم ئەوەیکە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە هەوڵی درێژەدانی بدرێت و دووهەم ئەوەیکە هەردوو لایەنی پارتی دێموکراتی کوردستان و پەکەکە لە رێگای دانووستان و لێک تێگەیشتنەوە گوشار بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان کەم بکەنەوەو ئیزن به دەوڵەتی تورکیە نهدهن کە گیان و ماڵی هاووڵاتیانی ئەم ناوچە سنووریانە بخاتە مەترسی یەوە.
لە پێوەندی لە گەڵ مەسەلەی یەکەم دا کە هەوڵدان بۆ درێژەپێدان بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیەیە، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک هێزێکی شوێندانەری باکووری کوردستان، ئەرکی زیاتری دەکەوێتە سەرشان. رێبەرانی پەکەکە کە باوەڕیان بە چارەسەریی ئاشتی هەیە، دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ دۆخەکەدا بکەن و بەهانە نەدەنە دەستی توندرەوانی بێ باوەڕ بە پرۆسەی ئاشتی و بە پێداگری لە سەر وەزن و قورسایی یاسایی و جەماوەریی هێزێکی وەک هەدەپ، دەوڵەتی تورک ناچار بە دانووستان و درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی بکەن .
زاڵبوون بە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو لایەنی پارتی کرێکاران و پارتی دێموکراتیش، پێویستییەکی دیکەی ئەم قۆناغەیە کە بێگوومان هەم دەتوانێ پێش بە لەباربردنی هەوڵەکان بۆ پێواژۆی ئاشتی لە تورکیە بگرێ و هەم فشارەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان کەم بێتەوە.
ئەوەی لەم رۆژانەدا بە نیسبەت بارودۆخی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان و هێرشی ناڕەوای دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکەو هەروەها پێوەندییەکانی پارتی و پەکەکە دەبیندرێ و دەبیسترێ، خەڵکی کوردستان بەگشتی و لایەنە سیاسییەکانی بە تایبەتی نیگەران کردوە. بۆیە لایەنە پێوەندیدارەکان ئەرکی زیاتریان دەکەوێتە سەرشان و تەنیا رێگایش پێکەوە دانیشتن و دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە.