لە درێژەی ناڕەزایەتی کرێکارانی شارەداریی مەریوان، بۆ جارێکیتر لە ماوەی ٦ ڕۆژی رابردوودا لەپێش باڵەخانەی شارەداری دەستیان دایە خۆپێشاندان. کرێکارانی شارەوانی مەریوان ماوەی ٦ مانگە مووچەیان پێنەدراوە و لە لایەن شارەوانییەوە تا ئێستاش وڵامێکی دڵخۆشکەریان وەرنەگرتۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئیلنا”، ئەو کرێکارانە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی شارەوانی مەریوان دا خەریکی کار کردنن. ئەوان دەڵێن ئێمە ٢٠٠ کەسین کە ماوەی ٦ مانگە مووچەمان پێنەدراوە و ئێستا کار کردن بۆ ئێمە زۆر سەخت و زەحمەتە. داوامانکردووە لانیکەم بەشێک لە مووچەکەمان پێبدرێ بەڵام هیچ وڵامێک بە ویست و داخوازیەکانمان نەدراوەتەوە.
وێڕای ئەوەی کە مافی کرێکارەکان دابین ناکرێ، لە لایەن شارەوانییەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە دەست لە داخوازییەکانیان هەڵبگرن و بچنەوە سەر کارەکەیان.
شارەداری مەریوان ڕایگەیاندووە کە قەرزێکی زۆری لە سەرە و ناتوانێ مووچەی کرێکارەکان بدات.