وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە بۆ گوشارخستنە سەر دەوڵەتی ئێران، سپای پاسداران و پێشگرتن لە دەستوێڕاگەیشتنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ڕایەڵەی دارایی جیهان، دوو گرووپی میلیشیای فاتمیون و زەینەبیونی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
لەشکەری فاتمیون پێکهاتوە لە شیعەکانی ئەفغانستان بە تایبەتی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویی لە لایەن سپای قودسی ئێرانی بۆ پشتیوانیی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دامەزرا.
هەروەها لەشکەری زەینەبیوون پێکهاتوە لە شیعەکانی پاکستان و شیعەکانی هەزارەی ئەفغانستان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە دووهەزار ئەفغانی کوژراو و نزیک بە هەشت هەزار کەس لە شەڕی سووریەدا بریندار بوون.
“ئەستیون مەنووچین” وەزیری خەزانەداریی ئەمریکا گوتی” ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەڵکی خراپ لە پەنابەرانی ئەفغانی وەردەگرێ و بۆ بەرژەوەندیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕەوانەی سووریەیان دەکا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو گرووپانە بۆیە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، بۆ ئەوەی گوشار بخەینە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئە و ڕایڵکە نایاسیاییانە کۆتایی پێ بێنین کە کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆر لە دەرەوەی سنوورەکان کەلکیان لێوەردەگرێ.
هەر لە پێوەندیی لە گەڵ گەمارۆکاندا، ئەمریکا هاوکات کۆمپانیای فڕۆکەوانیی “فارس ئایر قشم” و هەروەها کۆمپانیان “فایت تڕاڤێڵ لس” کە دەفتەرەکەی لە ئەرمنستانە و بۆ کۆمپانیای ” ماهان” کار دەکا، خستە لیستی گەمارۆ تازەکانییەوە.