دوو کەس لە هێزە ئنتیزامییەکانی پارێزگای خووزستان بەدەستی کەسانی نەناسراو کوژران.
بە هۆی هێرشی چەکداریی بۆسەر ماشینی هێزە ئنتیزامییەکانی شاری ئەهواز دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
میدیا حکوومییەکان بڵاویانکردەوە کە ٦ی ڕێبەندان کەسانێک نەناسراو و ڕوومەت داپۆشراو تەقیان لە ماشینی هێزە ئنتیزامییەکانی ئەهواز لە شاری ماهشەهر لە پارێزگای خووزستان کردوەو، بەو هۆیەوە دووکەس لە هێزە ئنتیزامییەکان بەناوەکانی ستوان یەکەم ئەڵڵا نەزەر سەفەری و شوفێری ماشینەکە محەممەد ڕەزا ڕەفیعی نەسەب کوژراون.
سەرهەنگ عەلیقاسمپوور، جێگری کۆمەڵایەتی هێزە ئنتیزامییەکانی پارێزگای خووزستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند؛ کە ئەو هێرشە بە چەکی کڵاشینکۆف و لە لایەن کەسانی نەناسراوەو کراوەتە سەر ماشینی هێزە ئنتیزامییەکانی ئەهواز .
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەن و گرووپێک ئەو هێرشەی وە ئەستۆ نەگرتووە.