کاتژمێر ١١ی سەرلە بەیانیی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جانیواری ٢٠١٩ی زایینی، بەڕێز سەلاح پورئەسەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوسترالیا، سەردانی پاڕلمانی ئەو وڵاتەی لە شاری کانبرای پایتەخت کرد و لەگەڵ ” دوکتور فیلیپا برانت” بەرپرسی دەفتەری سەناتۆڕ ” پنی وەنگ” لە حیزبی کرێکاری ئوسترالیا و وەزیری دەرەوەی سێبەر کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەلاح پوورئەسەد بە درێژە باسی سەرکوت و زیندانی کردنی ئەندامانی حیزبە کوردیەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانی کرد و ئاوری لە ئێعدامی چەند زیندانییەکی سیاسی دایەوە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەلایەن ئەو ڕژیمەوە ئێعدام کراون.
پاشان بە ئاماری ئەو کۆلبەرانەی کە بە دەستڕێژی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون بە ئاگاداری دوکتور براند گەیاند.
ھەروەھا باسی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵاتیش کرا و ئاماژە بە چەندین کردەوەی تیروریستی ڕێژیم و ئاشکرا بوونی چەند باندی تێروریستیی ئێران کرا.
پەرەپێدان و گەشەی هەڕەمەکی بەرنامەی مووشەکی ڕژیمی ئیسلامی، کە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام بوو کە دەبوو ڕژیمی ئێران کۆتایی بە گەشەی مووشەکی خۆی بێنێت و ڕۆژئاواش بە وردی چاوەدێری بکەن، بەڵام بینیمان کە لە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان تاقێکرانەوە، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوو.
دواتر دوکتور برانت، دانیبەوە دانا کە ڕێژیمی ئێران دەست لە کار و باری ناوچەکە وەر دەدا و لە شێواندنی هێوری و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرکوتی خەڵکەکەی خۆی دەستێکی باڵای ھەیە.
ناوبراو بەڵێنی دا باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ سناتۆر “وەنگ” باس بکات و نیگەرانییەکانی نوێنەری حیزبی دیموکرات و گەلی کوردی پێ ڕابگەیەنێت. لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتی دیکەی جێگای بایەخی ھەر دو لا هاتنە بەر باس و خواست و قسەی لە سەر کرا.