كارناسێكی ئابووری دەڵێ، دەستێوەردانی دەوڵەتو ئازاد نەبوونی نیزامی ئابووری بۆتە هۆی پەرە سەندنی گەندەڵی لە نیزامی بانكیی ئێراندا.
سەعید لیلاز، ڕۆژی شەممە له لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی حکومهتیی “ئیرنا” گوتی ناتوانین قسە لە سەر چاكسازیی پێكهاتەی سیستمی بانكی بكەین، مەگەر ئەوەی كە بەرەبەرەو بە شێنەیی ئابووری ئێران بهرهو ئابوریی ئازاد ههنگاو بنێ.
بە قسهی ئەم مامۆستایەی زانكۆ، دەوڵەتی ڕووحانی “ئابوورییەكی داڕماوی” له ئهحمهدینژاد وەرگرتو ئەم خاڵە سەرەكییەش كە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودوا بە مەبەستی فشارهێنان خرابووە سەر ئابووریی ئەم وڵاتەش، ڕاست ئەم تۆڕە بانكییە بوو.
جێی بیرهێنانهوهیه که لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەواڵی ئاشكرا بوونی دزیو گەندەڵییە گەورە ماڵییەكان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بووەو ئاستی ئەم گەندەڵییانەش گەیشتۆتە ڕێژەی سەرسووڕهێنەری وەك ١٢ هەزار میلیارد تمەنی.
سەرۆكی گشتیی بانكی ناوەندی، وەلیوڵڵا سەیف، ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ باسی لە بوونی ٣٠٠ میلیۆن حیسابی بانكی لە ئێران كرد كە لە چەندین میلیۆن حاڵەتدا بە بەڵگەی ساختەیی ئەم حیسابانە كراونەتەوە.
نزیك مانگێك لەمەوبەریش قاسم جەعفەری نوێنەری بۆجنوورد لە مەجلیس، لەزمان یەكێك لە كاربەدەستانی پلەبەرزی بانكییەوە ئاشکرای کرد که٣٧٠ میلیۆن حیسابی بانكی لە ئێران کراوهتهوه كە نزیكەی ٥ هێندەی حەشیمەتی گشتیی ئەم وڵاتەیە.
جەعفەری وتوویەتی ٥ میلیۆن حیساب بە بەڵگەی بڕواپێنەكراو و ساختەییەوە پێوەندییان بە یەكێك لە بانكە دەوڵەتییەكانەوە هەیە. بە قسەی ناوبراو “حیسابی ساختەو تهقهلوبی بۆ ڕاپەڕاندنی كاروباری ناقانوونی، “پووڵشوویی” و كڵاوبەردارییە.