ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٩ی ژانوییەی ٢٠١٩ی زایینی لە سەر ئەرکی کۆمیتەی هاوکاری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی- ئادلاید و بە هاوکاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو شارە وهەروەها بە هاوکاری و پشتگیری دارایی سەرجەم کۆمیتەکانی حدک لە ئوسترالیا و کۆمیتەی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکان لە ئادلاید، ڕێورەسمێکی پڕشکۆ بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە چوو کە تێیدا ژومارەیەکی زۆر لە کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە بەشدار بوون.
سەرەتا بەرنامەکە بە سرودی ئەی رەقیب و سرودی نەتەوەیی ئوسترالیا و پاشان یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد. دواتر وتاری کۆمیتەی هاوکاری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان- ئادلاید لە لایەن بەڕێز پێشرەو ژاڵەیی خوێندرایەوە.
پاشان هاوڕیی تێکۆشەر کاک مستەفا شڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتارێکی پوختی پێشکەش کرد کە وێڕای پیرۆز کردنی کۆماری کوردستان تێیدا تیشکی خستە سەر چەند بابەتی هەنوکەیی کوردستان کە گرینگترینیان پێویستی یەک ڕیزی نەتەوەیی کورد بوو. هاوڕێ شەڵماشی بانگی لە هەمو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە بەر لەوەی لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە، کە بە خێرایی ڕوو دەدەن دوا بکەون، مشوورێک لە یەکگرتنێکی نەتەوەیی بخۆن بەڵکو کورد بتوانێ زۆرترین دەستکەوت لەو ئاڵوگۆڕانە بە دەست بێنی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا روو دەدەن.
دواتر ئامادەبووان بە موسیقا و گۆرانی و شایی و لۆغان ئەو یادە مەزنەیان پیرۆز کرد کە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
شایانی باسە کە بەرنامەکە بە پێشکەشکاری دوو هاوڕێی بەڕێز، شەهلا پەیڕەوان و ماموەستا چەکۆ باران بە ڕیوە چوو.