پەیوەندی و چاوپێکەوتنەکانی ڕێکخراو و کومیتەکانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەری حیزب و پارلەمانتار و کارەبەدەستانی وڵاتانی ئوروپایی بەردەوامە. هەر لە درێژەی ئەو کاروچالاکیانە دا، بەڕێز ئارێز ڕەمەزانی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کومیتەی حیزبی دێموکڕات کوردستان لەو وڵاتی سوید، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جانیواری ٢٠١٩ی زایینی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ نوێنەری بەشی کاروباری دەروەی حیزبی چەپی سوید، ” بەڕێزهۆکان سوێنێلینگ” لە دەفتەری ئەو حیزبە لەشاری ستۆكهۆڵم پایتەختی ئەو وڵاتە ڕێکخست. تەوەری سەرەکی باسەکانی ئەودیدارە، دانی زانیاری زیاتر سەبارەت بە دەستدرێژی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر هێمنایەتی و ئاسایشی ناوچەکە و بە تایبەت لە باشووری و کوردستان و دوایین هێرشی موشەکی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بنکەکانی حیزب و قەڵای دیموکرات لە شاری کۆیە، کە بووە هۆکاری شەهید بوونی چەند تێکۆشەر و برینداربوونی چەند شۆڕشگێڕیکی دیکەمان. ئەوە چەندمین چاوپێکەوتنە لەنێوان بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسان و نوێنەرانی حیزبە جیاوازەکانی وڵاتی سوئێد، کە بۆتە هۆکاری بەرینتر بوونەوەی پەیوەندی ئەوان لەگەڵ حیزبەکەمان و ناساندنی چالاکیەکانمان، بۆ بەدی هێنانی ئاواتەکانمان و جێگیر کردنی ئاشتی و وەبەرچاوخستنی هەرچی زیاتری پێشیل کارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمو بوارەکاندا. جێگای ئاماژەیە کە حیزبی چەپی سوئێد لە ڕیزی حیزبە دۆست و نزیکەکانی کورد دێتە ئەژمار و هەمیشە هەوڵی نزیک بونەوەی لە گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان داوە و بە تایبەت بەڕێز هۆکان سوێنێلینگ” خۆی بە دۆست و خەمخۆری گەلی چەوساوەی کورد دەزانێت و هەمیشە پاڵپشتی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. پێویست بە ئاماژەیە کە ىەڕێزڕەمەزانی لە وتووێژێک دا لەگەڵ کدپ مێدیا، باسی لە گرینگی ئەو جۆرە دیدارانە کرد و هاوکات باسی لەوە کرد کە زیادەڕەوی و سەرەڕۆیی و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ وتێرۆری کۆماری ئیسلامی گەشتووەتە لووتکە و بە پێویستی دەزانیت کە چالاکوانانی کورد و بەرپرسان و نوینەرانی حیزب لە دەرەوەی وڵات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی هەرچی زیاترچڕبکەنەوە.