“ژان ئیو لۆدریان” وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە ئەگەر لە گفتوگۆکانمان لە پێوەندیی لە گەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکیی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاکام نەگەین، گەمارۆ دەخەینە سەر ئێران. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: ئێمە لەگەڵ ئێران گفتوگۆیەکی سەخت ودژوارمان دەست پێکردووە، ئەگەر لەو وتووێژانەدا بە ئاکامی یەکجارەکی نەگەین، گەمارۆی توند دەخەینە سەر ئێران و ئێرانیەکانیش لەوە ئاگادارن.
“لۆدریان” گوتی: فەڕانسە داواکارە کە ئێران دەست لە بەرهەم هێنانی مووشەک هەڵگرێ و بە تایبەتی دەبێ هەناردەی مووشەک بۆ گرووپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕابگرێ.
کاربەدەستانی ئێران لە وەڵامی فەڕانسەدا ڕایانگەیاند کە ئەم وتانەی فەڕانسەویەکان درۆیە و دوورە لە ڕاستی و لێدوانەکەیان بە نابەرپرسانە ناوبرد.
هەر لەو پێوەندییەدا پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زمان سێ دیپڵۆماتی ئورووپایی نووسیبووی کە فەڕانسە و بریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا لە فکری ئەوەدان کە گەمارۆ بخەنە سەر ئێران. گەمارۆکان دەسبەسەرداگرتنی هەموو سامانی ئەندامانی سپای پاسدارن لەخۆی دەگرێ و هەروەها ڕێگری دەکا لە سەفەری ئەو ئێرانیانەی کە پێوەندییان بە چالاکیی مووشەکی ئێرانەوە هەیە.
پێویست بە گوتنە کە لە وڵامی گوشارەکانی فەڕانسە بۆ سەر ئێران ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران بەهرام قاسمی ڕایگەیاند: کە پرسی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران هێڵی سوورەو بۆ وتووێژ و ڕێککەوتن نابێت.