لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری نیشتمانپەروەری مەریوان چالاکیی تەبلیغی کرا.
رۆژی ٢ی ڕێبەندان کە هاوکاتە لە گەڵ رۆژی دامەزرانی کۆماری مەزنی کوردستان لایەنگران و دۆستانی حیزبی قازی وقاسملوو و شەڕەفکەندی لە شاری مەریوان لە چالاکییەکی تەبلیغیدا ئەو یادەیان بەرزڕاگرت.
بەشێک لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان رۆژی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی تڕاکت و نووسراوەی شٶڕشگێڕانە لە نێو شار و دەوروبەری ئەوشارە ، لەو ڕێگایەوە بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیمانی وەفادارییان نوێکردەوە.
لاوانی بەهەست و هەڵوێستی مەریوانی لەو چالاکییەدا سڵاویان ناردوە بۆ پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم درێژەدەرانی ڕێگای ئەو ڕێبەرە ناوازە، کە گیانی خۆی پێشکەش بە سەرکەوتن و ئازادی گەلەکەی کرد.
شیاوی باسە خەڵکی شارەکانی کوردستان ، بەتایبەتی لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەمساڵ بە گەرم وگۆڕی زیاترەوە پێشوازییان لە ٢ی ڕێبەندان کرد و چالاکییەکان بە بۆنەی ئەو یادە نەتەوەییە هێشتا لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.