له حاڵێکدا وه‌زاره‌تی بێهداشت، ده‌رمان و فێرکاریی پزیشکی سه‌باره‌ت به ” شه‌پۆلی سێهه‌می ئیدز” له ئێران لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کانی وریا کردۆته‌وه، خهسارناسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌ڵێن به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌و پێوه‌ندییه‌دا دیار‌و به‌رچاو نین.
به‌پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌کان له ئێران نه‌خۆشیی ئیدز سه‌دی ٤٥ له رێگه‌ی ته‌زریقی مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆ ده‌رزیی هاوبه‌ش، سه‌دی ٣٦ له ڕێگه‌ی پێوندیی جنسی‌و نیزیک به سه‌دی ٣ له دایکه‌وه بۆ کۆرپه ده‌گوازرێته‌وه.
وه‌زاره‌تی بێهداشت ده‌ڵێ ژماره‌ی توشبووان به نه‌خۆشیی ئیدز له ئێران نیزیک به ١٠٠ هه‌زار که‌سن، به‌ڵام ئاماره ناڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن هه‌رنه‌بێ ١٢٠ هه‌زار که‌س له ئێران هه‌ڵگری ویروسی ئیدزن.
کارناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێن ئێران پێشتر له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆنتڕۆڵی ئیدزدا سه‌رکه‌وتوو بوو، به‌ڵام له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا حهسساسیهتی ده‌وڵه‌ت له‌و باره‌یه‌وه به ته‌واوی له که‌می داوه. له سێ ساڵی ڕابردوودا بودجه‌ی ناوه‌نده‌کانی ” که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌ساری موعتاده تهزریقییهکان” بڕدراوه، هه‌روه‌ها له پاره‌که‌وه نووسینگه‌ی ئیدزی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌هۆکاری ناڕوون بودجه‌ی رێکخراوی بێهزیستیی ئێرانی بڕیوه‌و؛ جیا له‌وانه کۆمیته‌ی ئیدزی رێکخراوی بێهزیستی له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی ئیعتیادی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه لێکدراوهو له ڕاستیدا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
خه‌سارناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵین له‌گه‌ڵ هاتنه‌خوارێی ته‌مه‌نی توشبوون به ماده‌ی هۆشبه‌رو پێوه‌ندیی جینسی ده‌بێ له ته‌مه‌نێکی خوارتردا په‌روه‌رده‌و فێرکارییه‌کان ده‌ست پێبکه‌ن. پێش ده‌وڵه‌تی ئهحمهدینژاد له دهبیرستانو قۆناغی ناوه‌ندیی خوێندنیشدا جوزوهکانی پێش‌گرتن له ئیدز به قوتابییان ده‌درا، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تی ئهحمهدینژاددا هه‌موو ئه‌و به‌رنامه‌و چالاکییه فه‌رهه‌نگییانه ڕاگیران.