دوای ئەوەیکە لە حەوتووی ڕابردوودا پۆلیسی ئاڵمان کەسێکی ئەفغانی کە وەک وەرگێڕ لە شوێنە هەستیارەکانی ئەرتەشی ئاڵماندا کاری دەکرد، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران قۆڵبەست کرد، دەوڵەتی ئاڵمان باڵوێزی ئێرانی لە پێوەندیی لە گەڵ کاری سیخوڕیی لە ئاڵمان بانگهێشت کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند کە ئێمە نیگەرانی خۆمان لە پێوەندیی لە گەڵ کاری سیخوڕیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاڵمان بە باڵویزی ئێران ڕاگەیاندوە.
” ولفگانگ ئیشینگر” بەڕێوەبەری کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مۆنیخ وێڕای مەحکووم کردنی کاری جاسووسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەو هەنگاوەی ئێران لە ئاڵمان و وڵاتانی تر نیگەرانیەکانی زیاتر کردووە و بێگومان ئەو هەوڵانەی ئێران کاریگەرییان لە سەر پێبەندبوونی یەکیەتی ئورووپا بە ڕێککەوتنی بەرجامەوە هەیە و ئەوهەوڵە سیخوریانە بەرجام دەخەنە ژێر کارتێکەریی خۆیان.