دادستێنی فیدڕاڵی ئاڵمان ڕایگەیاند کە ڕاوێژکارێکی زمان و فەرهەنگ لە ئەرتەشی ئاڵمان دا بە ناوی “عەبدولحەمید – س “، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کراوە. ناوبراو لە بنەچەدا ئەفغانستانی و تەمەنی ٥٠ ساڵە و ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار لە ڕۆژاوای ئاڵمان قۆڵبەست کراوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ” ئشپیگل” گومان دەکرێ کە “عەبدولحەمید – س ” ساڵانێکی دوور و درێژ سیخوڕیی بۆ دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبێ.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ناوبراو لە کاتی خزمەتی سەربازیدا لە شوێنی زۆر هەستیار کاری کردووە و زانیاریی لە سەر ڕەوانەکردنی سەربازەکانی ئاڵمان بۆ ئەفغانستان لەبەردەستدا بووە.
کاربەدەستانی دەزگای زانیاری ئاڵمان و یەکیەتیی ئورووپا لەمدواییانەدا لە سەر زیاد بوونی چالاکییە جاسووسییەکانی ئێران بۆ نموونە هێرشی سایبێری نیگەرانن.
بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ دۆسیەی دەسبەسەرکردنی ” ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” دیپڵۆماتی ئێرانی بە تۆمەتی بۆمب دانانەوە لە کۆبوونەوەی یەکێک لە هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
یەکیەتیی ئورووپا ئێرانی تۆمەتبارکرد بە تێرۆری دژبەرانی لە دانمارک و هولەند و هەر بەو هۆیەوە گەمارۆی خستە سەرڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.