مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: ئەوانەی کە لە ئێران دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و هاونیشتیمانیانی ئەمریکایی زیندانی دەکەن، لە مەترسیدارترین و خرابترین تێرۆریستەکانی دنیان.
پۆمپئۆ لە کاتی سەفەرەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەراست ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەڤزیۆنی ” سی بی ئێس” گوتی، هەر بۆیە ئێمە دەڵێین کە ڕێککەوتنی بەرجام ئیدەیەکی خراپ بوو.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانی لە بارەی چوونەدەری هێزەکانیان لە سووریە گوتی: ئێمە لە هەر شوێنێک بین لە هێزی سەربازی خۆمان کەڵک وەردەگرین، جا ئەوە چ لە سووریە بێ یا لەنێوخۆی خاکی ئێران.
ناوبراو ئاماژەی بە قۆڵبەستکرانی هاونیشتیمانیانی ئەمریکایی دا و، گوتی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە مەترسیدارترین تێرۆریستەکانی جیهانن و هیچ ڕێزێک بۆ مافی مرۆڤ دانانێن هەر بۆیە ئەمریکا دژی ئێران ڕێگەیەکی سەختی هەڵبژاردووە.
پۆمپئۆ لە درێژەی سەفەرەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گفتوگۆ کردن لە گەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ئێران لە پایتەختی پێنج وڵاتدا شکست دێنێ و و دەمانهەوێ خەڵکی ئێران پایتەختی وڵاتی خۆیان بە دەستەوە بگرن .