بەرپرسی ناوەندی گشتیی ئەرتەشی ئیسراییل ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٧ وە تا ئێستا زیاتر لە هەزاران بنکەی سەربازی و چەکوچۆلی کۆماری ئیسلامی لە خاکی سووریە، کراوەنەتە ئامانجی نیزامی.
گادی ئایزنکووت بەرپرسی ناوەندی گشتیی ئەرتەشی ئیسراییل لە وتووێژی جیاجیا لە گەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و دوو کاناڵی هەواڵی، با باس کردن لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە دۆخی سووریە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند؛ کە لە ساڵی ٢٠١٧ بەملاوە هەزاران بنکە و ناوەندی نیزامی و سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لە خاكی سووریە پێکاوە.
ئەوە یەکەمجارە بەرپرسێکی نیزامی وردەکارییەکانی تایبەت بە هێرشی ئیسراییل بۆ سەر بنکەکانی ئێران لە خاکی سووریە بڵاو دەکاتەوە.
ژنێڕاڵ ئایزنکووت ئاشکرای کرد کە بە پێی بڕیاری کابینەی دەوڵەتی ئیسراییل هێرش بۆ سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیپێکردوەو هەتا کۆتایی هێنان بە ئاژاوەنانەوەی ئێران لە سووریە هەر بەردەوام دەبین.
ناوبراو لە وتووێژیک لە گەڵ نیویۆڕکتایمزدا گوتی: دوای گۆڕانکاریی لە ستراتێژی کۆماری ئیسلامی لە خاكی سووریە شاهیدی ئەوە بووین کە ئێران دەیهەوێ پەرە بە داگیرکارییەکانی خۆی لە خاکی سووریە بدات و بە ساز کردنی میلیشا و هێزی سەربازی لە خەڵکانی عێراقی و ئەفغانستانی ، سووریە بکاتە پایگایەکی بەهێزی هەوایی و نیزامی بە مەبەستی کێشەنانەوە لە ناوچەکەدا.
ئایزنکووت لە درێژی قسەکانی دا گوتی: لە ٢٠١٧وە هەزاران بنکە و ناوەندی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان کردوتە ئامانج و بێ ئەوەی باسی بکەین یان بمانهەوێ کەس باسی بکات، کاری خۆمانمان کردوە.
بە گوتەی ژێنڕاڵ ئایزنکووت ، قاسم سڵێمانی فەرماندەی سپای قودس بە هەڵبژرادنی سووریە بە مەبەستی زەربە لێدان لە ئیسراییل تووشی شکست و هەڵەی نیزامی بووە.