وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێ دیکەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی بالستیک وریا کردەوە.
مایک پەمپێئۆ ئەمجارەیان جیا لە پرسی مووشەکە بالستیکەکان بەرنامەی مووشەکیی ماهوارەگوێزی ئێرانیشی بردە ژێر پرسیار و گوتی هەڵدان و تاقیکردنەوەی ئەم مووشەکانە پێچەوانەی بڕیارنامەی 2231ی شووڕای ئەمنییەتە.
ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانانیشی سەیری سیاسەتە تێکدەرانە و قەیرانخوڵقێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بکا کە ئەمنیەت و سەقامگیریی نێودەوڵەتییان کردووەتە ئامانج؛ دەست لەسەر دەست دانانێ. پەمپێئۆ دەڵێ: “ئێمە بە ڕێژیمی [ئێران] دەڵێین واز لە ڕەفتاری دنەدەرانەی بێنێ و هەرهەموو بەرنامە مووشەکییەکانی بوەستێنێ بۆ ئەوەی پتر لە ئێستا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە تەریک نەخرێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا دەڵێ هەڵدانی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران دەبنە هۆی نائارامی لە ناوچە و جیهان و، فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەوە نەشاردووەتەوە.
شایانی باسە ئێران دەڵێ بەرنامە ئەتومییەکانی ئامانجی ئاشتیخوازانەیان لە پشتە، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی بە گاڵتەوە لەو ئیدیعایە دەڕوانێ و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خەرمانانی ئەمساڵ و هەروەها هێرشی مووشەکی بۆ سەر دژبەرانی بەشار ئەسەد لە خاکی سووریە دوو نموونەن کە ئامانجەکانی ڕاستەقینەکانی ئێران لەو پێوەندییەدا دەردەخەن.