کرێکارانی پۆڵای ” ئەرسلوور میتاڵ” و کرێکارانی کۆمپانیای پۆڵای ” ترنیوم سیدرار”ی ئارژانتین کە گەورەترین کۆمپانیای پۆڵای ئەو ولاتەن، لە گەڵ بەشێک لە کرێکارانی کانزا لە بۆلیوی، هاوپێوەندی خۆیان لە گەڵ کرێکارانی “پۆڵای ئەهواز و نەیشەکەری هەفت تەپە” و ئازاد کردنی کرێکاران و جێبەجێکردنی ویست و داخوازیەکانیان دەربڕی.
ئەو کرێکارانە لە بەیاننامەیەکدا بە دروشمی ” یەک چینی کرێکار، یەک خەبات” هاوپێوەندی خۆیان لە گەڵ کرێکارانی ناڕازی و زیندانیی لە ئێران ڕاگەیاند.
هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی شوفێر کامیۆنەکان لە ئێران، بەشێک لە سەندیکا و ڕێکخراوی کرێکاریی لە ئاستی جیهان بۆ نموونە سەندیکای شوفێر و خاوەن بارهەڵگرانی وڵاتی فەڕانسە پشتیوانی خۆیانیان دەربڕی.
شایانی باسە کە ماوەی نیزیک بە دوو مانگە کرێکارانی “پۆڵای ئەهواز و نەیشەکەری هەفت تەپە” ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیان وەڕێخستوە و داوای مافەکانیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا لایەنە پێوەندیدارەکان وڵامی ویست و داخوازیەکانیان نەداونەوە و کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیراون و ڕاپێجی بەندیخانەکان کراون.