باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات، شەهیدان؛ حەسەن و عەبدوڵلا عەبدی لە ناوچەی هەوشار کۆچیدوایی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، خاڵۆ عەلی عەبدی، باوکی شەهیدان حەسەن و عەبدوڵڵا، خەڵکی ئاوایی داشبەراتی سەر بەناوچەی هەوشار بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری تیکاب کۆچی دوایی کرد.
شەهید حەسەن عەبدی ناسراو بە “حەسەن سەلبێ” مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ لە شەڕێکی قارەمانانەی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزە بەکرێگیراوەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چیای وەنەوشە شەهید بوو.
کوڕێکی دیکەی خاڵۆ حەسەن، شەهید عەبدوڵڵا عەبدی، ناسروا بە “عەبە سەلبێ”، دوو ساڵ پێش لە شەهیدبوونی شەهید حەسەنی برای، لە “بنحانە”ی سەربە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز لە شەڕێ نێوخۆییدا شەهید بوو.
شایانی باسە کوڕێکی دیکەی خاڵۆ حوسێن و دایە سەلبێ کە زیاتر کوڕەکانی بە ناوی دایکیانەوە دەناسران و حەسەن سەلبێ و عەبدوڵڵا سەلبێیان پێ دەوترا، بە ناوێ حوسێن عەبدی لە سەربازیدا و بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی خاڵۆ عەلییەوە پڕ بە دڵ هاوخەمیی خۆی لە گەڵ کەس و کاری و سەرجەم خەڵکی ناوچەی هەوشار رادەگەیەنێ.
بە هیوا وەدیهاتنی ئاواتە بەرزەکانی هەردوو کوڕەشەهیدەکەی خاڵۆ عەلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.