زیندانیانی زیندانی “گەوهەردەشت”ی کەرەج لە وەرزی ساردی زستاندا ماوەی ٥ ڕۆژە بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی گەرمکردنەوە لە زینداندا، لە ژێر گوشاری سەرمادا بەسەر دەبەن و کاتێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکەن. بەتایبەتی بۆ کەسانی بەتەمەن و نەخۆش دۆخەکە خراپترە و سەرمای زیندان کاریگەریی زیاتری لە سەر روح و جەستەی ئەوان داناوە.
هەتا ئێستا کاربەدەستانی زیندان بە دەم داواکاریی زیندانییەکانەوە نەچوون و لە پێدانی ئیمکاناتی گەرمیی و جلوبەرگی گەرم خۆیان پاراستوە و چارەسەریی کێشەی زیندانیەکانیان نەکردووە.
هەروەها بە پێی هەواڵێکی دیکە ڕۆژی شەممە لە هۆلی ٢١ ی بەندی ٧ی زیندانی گەوهەردەشت کە بەندی زیندانیانی سیاسی وعەقیدەتی سوننە مەزهەبە، کاربەدەستانی زیندان، بەشە نانی ڕۆژانە و کەرەسەی گەرمای ئەو هۆڵەیان بڕیوە بۆ ئەوەی بەو کردەوەیە زیندانییەکان ئەزیەت و ئازار بدەن و گوشاریان بخەبە سەر. بەپێی راپۆرتەکانی نێوە بەندیخانە، بە هۆی ئەو کردەوەی کاربەدەستانی زیندان، ژووری زیندانییەکان زۆر ساردە و بە سەرمای زستان ناتوانن کەڵک لە ئاوی گەرم وەربگرن کە بۆتە هۆی نەخۆش کەوتنی زیندانییەکان و تا ئێستاش هیج وڵامێک بە داواکاریی ئەو بەندیانە نەدراوەتەوە.