کۆمەڵێک لە مامۆستایانی نێو زیندانەکانی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باسیان لە ڕووداوی گیان لە دەستدانی ڕۆڵەکانی خەڵک کردووە و لە سەر سووتانی چەند قوتابییەک لە زاهیدان و مەرگی خوێندکارانی زانستگەی ئازادی ئیسلامی، دەڵێن: بێ نرخترین شت لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گیانی ڕۆڵەکانی خەڵکە.
لەو راگەیەندراوەدا هاتوە، ئێستا خەم و ناڕەحەتی سووتانی مناڵانی یەکێک لە قوتابخانەکانی زاهیدان تەواو نەبووە کە بەهۆی بێ مشووری کاربەدەستانی حکوومەت بەهۆی وەرگەڕانی پاسی زانستگە، گیان لە دەستدانی کۆمەڵێک خوێنداکاری زانکۆی لێکەوتەوە.
نووسەرانی ئەو ڕاگەیەندراوە دەڵێن: مەرگی ١٠ کەس لە خوێندکارانی زانستگە و بریندار بوونی چەند خوێندکارێکی تر بە ڕووداوی وەرگەڕانی پاسی زانستگە، بۆ جارێکیتر ئەو واقعییەتەی سەلماند کە بە لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی ئینسانەکان هیچ بایەخێکی نییە.