عەلی محەممەد نائینی لە ڕاوێژکارانی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە لە ساڵی داهاتوودا بە هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی و ناڕەزایەتی سێنفی و کرێکاری، ئێران تووشی پشێوی دەبێ.
ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سپا کە بە بۆنەی ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویی لە ئیلام قسەی دەکرد، ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەم لە ساڵی داهاتوودا ئێران تووشی ئاڵۆزی دەبێ.
ناوبراو گوتی هەڵبژاردن نەخشێکی پاڵنەری هەیە بۆ ئامادەکردنی بەستێنی نافەرمانی مەدەنی و لە لایەکیترەوە باسی لە گوشاری ئابووری لە بوارەکانی سێنفی و کرێکاریی کرد و ئاماژەی بە ناڕەزایەتی توێژە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگیان، شۆفیری کامیۆنەکان، وەرزێران و کرێکاران کرد کە بەهۆی دۆخی خراپی ژیان و بێکاری و گرانی دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی وخۆپێشاندان. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی “دنیای مەجازی واتە بانگەواز بۆ وێران کردنی باوەڕە بنەڕەتییەکان و مێدیا کاریگەریی زۆری هەبووە لە سەر ئاڵۆزی و نەخشێکی تێکدەرانەی هەبووە و دژمن بەهۆی مێدیا کاریگەریی زۆری لە سەر ڕووداوە نیوخۆییەکان هەیە”.
پێشتریش ئەحمەد خاتەمی، وتارخوینی ڕۆژانی هەینی تاران نیگەرانییەکانی خۆی لەوبارەوە نەشاردەوە و ئاماژەی بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کرد و گوتی دژمن لە ئێستاوە بە دوای نانەوەی ئاژاوەیە لەو هەڵبژاردنەدا.