رۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٣١ ی دسامبری ٢٠١٨ پێشمەرگە و فەرماندەی دێرێنی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ سەید کەماڵ بەدری دوای ماوەیەک نەخۆشی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لەندن دڵە نەسرەوتووەکەی کە هەردەم بە هیوای رزگاری و سەربەستیی کوردستان لێیدەدا، لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە بنەماڵە و کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد. سەید کەماڵی بەدری کوڕی سەید کەریم، ساڵی ١٣٤١ی هەتاویی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری شاری مەهاباد لەدایک بوو. سەید کەماڵ تا پۆلی دووی ناوەندی لە قوتابخانەکانی فەرهەنگیان و رەزا پەهلەوی ئەوسەردەمی شاری مەهاباد خوێند. سال ١٣٥٧ی هەتاویی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و وەدەرنانی بنەماڵەی پەهلەوی، لە تەمەنی حەفدە ساڵیدا، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەبەرکرد و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە شوڕای نیزامی شاردا لە ژێر فەرمانی شەهید سەرگورد عەبباسیدا ئەرکی بەڕێوەبرد. دواتر وەك هەستەی تشكیلاتی لەنێو شاری مەهاباد كاری دەكرد و بەهۆی ئاشكرا بوونی پاییزی ١٣٥٩ لە شار هاتەدەرێ و پاشان لە هێزی شەهید پێشەوا و لکی سێی ئەو هێزەدا درێژەی بە راپەڕاندنی ئەرک و کاری حیزبی و پێشمەرگایەتیدا. سەید کەماڵ لە بنکەی پەلی خوێنی کوردستان لە ئاوایی” لاچین ” دەبوو کە مەودای لەگەڵ شاری مەهاباد تەنیا چەند کیلۆمیترێک بوو و لەوێڕا ئاگاداری جم و جۆڵەکانی دوژمن دەبوون و هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیی ناو شار سەید کەماڵ بەڵەد و شارەزای رێی چوونە ناو شار بوو.
سەید کەماڵ بەهۆی هەڵسووکەوتی باش و قالب سووکی زۆر زوو بووە خۆشەویستی هاوڕێیانی و هەروەها ئەو خەڵکەی رۆژانە پێوەندیی لەگەڵیان هەبوو. ئەو پلەکانی پێشمەرگایەتی تا سەردەستە تێپەڕکرد و لەهەر چالاکییەک سەید کەماڵ بەشدار بووایە، هێز و ورەی دەبەخشییە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی. دواتر بەهۆی لێوەشاوەیی و کارامەیی بووە کادری سیاسی و لەو ئەرکەشدا وەک بەشە نیزامییەکی سەرکەوتوو بوو. سالی ١٣٦٣ نێردرا نەخۆشخانەی حیزب و بۆ دیتنی دەورەی دەرمانی و پاشان گەرایەوە ناوچەو بوو بە بەرپرسی دەرمانی لكی ٣.
پێوەندیی کۆمەڵایەتی سەید کەماڵ دەگەڵ خەڵکی ئەو ئاواییانەی بنکەی ئەوانی لێ دەبوو، گەرم و گوڕ بوو، زۆر جاران لە بنکە را نان و پێخۆری بۆ ئەو ماڵانە دەنارد کە دەست تەنگ و نەدار بوون.
سەید کەماڵ هاوکات کە کادری سیاسی و ئەمنیەتی و دواتر دابینکەری پێداویستیی بنکەکان بوو، لە ئاشکرا کردنی پیلان و رایەڵکە سیخوڕییەکانی رژێمی ئیسلامیی ئێرانیش خافڵ نەبوو و زۆر چالاکانە توانی دەیان نەخشە و پیلانی تیڕۆر و بۆمب دانانەوەی بەکریگیراوانی رژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە دۆڵەرەقە پووچەڵ بکاتەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە سالی ١٣٥٨سەید هیدایەت بەدری پێشمەرگەی هێزی شەهید پێشەوا كە بۆ مەئموریەتی حیزبی چوبونە سەقز لەشەری كورەخانەی جادەی سەقز بۆكان دوای شەرێكی قارەمانانە چووە نێو كاروانی شەهیدانی گەلەكەمان و هەروەها سالی ١٣٦٢ نادر شێخ مەجیدی كوری پوری سەید كەمال لە هێرشی بۆ سەر پایەگای گراوێ و قۆڵغەتەپە شەهید بوو.
سەید کەماڵ ساڵی ١٩٩٧ی زایینی بەهۆی نائەمنی كوردستان باشوورو هەرەشەی تیرۆركردنی بەناچار رێی هەندەرانی گرتەبەر و سەرەتا لە وڵاتی نۆڕوێژ و دواتر لە ئینگلیستان و شاری لەندەن گیرسایەوە. دوای چەند ساڵ ژیان لە لەندەن، نەخۆشی بەرۆکی گرت و بەداخەوە دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەی، دوانیوەرۆی رۆژی ٣١ی دسامبری ٢٠١٨ دڵە نەسرەوتووەکەی کە هەموو کات بە هیوای رزگاری و سەربەستیی کوردستان لێیدەدا، لە لێدان کەوت و درێژەی رێگای خەباتی بە هاواڵ و هاوسەنگەرانی سپارد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەس و کاریان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکاو هاوبەشی خەمیانە.
١ی جانیوێری ٢٠١٩