دوو برا قوتابی خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی شاری دێولان لە ناوچەی سنە لە فستیڤاڵی زانستی خارەزمی کە ساڵانە لە ئاستی ئێران بۆ پێشبڕکێی لە نێوان قوتابیان و قوتابخانەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت، پلەی دوویەم و سێهەمیان بە دەستهێناوە.
مێهدی و محەممەد قاسمی بە سازی کردنی دوو کەرەستەی کشتوکاڵ و تایبەت بە گوندنشینان توانیان وەکوو داهێنەرانی لاو لە فستیڤاڵی خارەزمی بناسێندرێن.
مێهدی قاسمی قوتابی پۆلی دوویەمی هونەرستانی کشتوکاڵی شارۆچکەی کەڕۆنانی دێولان، بۆ خزمەتکردنی بە باوکی لە کاتی مەڕداری بیر لە سازکردنی ئامرازێک دەکاتەوە بەناوی “یاریدەدەری شوان” و دوای ماویەک ماندوو بوون بە پاڵنەری بنەماڵەو مامۆستایانی ئەو کەڕەستەیە دروست دەکا.
ئەو کەڕەستەیە بۆ پێشگرتن و گەڕاندنەوەی مەڕ لە کاتی زیانی گەیاندن بە مەزرا و مووچە و بێستانەکان بەکار دێ و دەخرێتە گەردەنی مەڕ و لە دوورەوە کۆنترۆڵیان دەکا.
برایەکی دیکە مێهدی بەناوی محەممەد قاسمی بە دروستکردنی ماشینی چاندنی “تووی خەیار” کە شەش کارەیە، وەکوو داهێنەڕیکی لاو لە فستیڤاڵی خارەزمی ساڵی ٩٦ی هەتاویی پلەی دوویەمی مسۆگەر کرد و ئێستا خوێندکاری بواری “بیوسیستەم”ی زانکۆی بووعەلی سینای شاری هەمەدانە.
ئەو دوو برا داهێنەرە ڕایگەیاندوە کە ئەگەر پاڵپشتیان ڵی بکرێ، دەتوانن هەلی کار بۆ زۆر کەس لە ناوچەی لەیلاخ دابین بکەن.