دوای داوای وەزیری گواستنەوەو ژێرخانی تورکیە بۆ سڕینەوەی نەخشەی کوردستان کە بە گوتەی ئەو بەشێک لە خاکی تورکیەی تێیدایە، نەخشەی کوردستان لە بەشی ئینگلیزی گووگڵ سڕایەوە.
جێیئاماژەیە وەزیری ژێرخانی تورکیە ڕایگەیاندبوو کە بۆ نەهێشتنی نەخشەی کوردستان لە بەشی ئینگلیزی نەخشەی گووگڵ سەردانی ئەو دامەزراوەیان کردوەو خوازیاری سڕینەوەی نەخشەی کوردستان بوو، لە بەشی ئینگلیزی گووگڵدا.
جاهید تورهان وەزیر گواستنەوەو ژێرخانی تورکیە لە وڵامی پرسیاری نوێنەری فڕاکسیۆنی “ئیی پارتی” سەبارەت بە هەبوونی نەخشەی “کوردستانی گەورە” لە بەشی نەخشەی گووگڵ گوتی: بۆ لابردنی نەخشەی کوردستان لە گووگڵ کە بەشێک لە خاکی تورکیەشی تێیدایە، سەردانی دامەزراوەی “گووگڵ”مان کردوەو نیگەرانیی خۆمانمان ڕاگەیاندوەو لە هەوڵ داین نەخشەی کوردستان لەسەر گووگڵ بسڕێتەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە لە ڕەزبەری ئەمساڵ نوێنەری فڕاکسیۆنی “ئیی پارتی” یاوز ئاغراڵی ئۆغڵوو پرسی نەخشەی کوردستانی لە مەجلیسی تورکیە خستەبەرباس و، بە نووسراوەیەکی فەرمی داوای لە وەزیری ژێرخانی وڵاتەکەی کردوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات کە مەترسییە بۆسەر خاکی تورکیە.
ئەم داواکارییەی تورکیا لەکاتێکدایە، نەخشەی گوگڵ هەر چوار پارچەی کوردستانی وەک هەرێمێکی جیۆکلتوری جیاکردبووەوە.