“فائیزە هاشمی” کچی ڕەفسەنجانی لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی “موستەقل” لە وەڵامی پرسیارێکدا لە پێوەندی لە گەڵ “نیگەرانیەکان لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا” گوتی: بە بۆچوونی من داڕمان و هەڵوەشان لە نێوەرۆکدا ڕوویداوە و تەنیا لە باری فیزیکییەوە خۆی ڕاگرتوە، بە ئیحتمالی زۆر ئەویش ڕووبدا. دروست بێ یا هەڵە پایەکانی حکومەت بەهێزن بەڵام لە ڕێگای ترس و وەحشەتێکەوە کە لە نێوخۆدا پێکیان هێناوە. ڕاستە وەک ساڵی ٨٨ هەڵسوکەوتی فیزیکی لە گەڵ ناڕازیان و خۆپێشاندەران ناکرێ بەڵام پەروەندەسازی، دادگایی، سەپاندنی حوکمی توند، دەرکردن لە سەر کار وهتد بەردەوامە. لە ئێستا هەر چێن و توێژێک کە دەیبینی، بەشێک لە چالاکانیان لە بەندیخانە دان، کرێکاران و مامۆستایان، خاوەن کامیۆنەکان، چالاکانی بواری ژنان و ژینگە پارێزان، خوێندکاران، چالاکانی بواری ئابووریی و هتد لە بەندیخانە دان، حوکمی دادگایان هەیە یا دەبێ بچنە زیندان”.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: بە هۆی ئەو گوشارە زۆرەی کە لایەن حکوومەتەوە خراوەتە سەر خەڵک و لە لایەکی تر کە ئەگەر ئەوانە بڕۆن دواتر چی ڕوودەدات؟، ئیمکانی ڕووخانی حکوومەتی کەمکردۆتەوە، بەڵام لە نێوخۆدا بە تەوای داڕماوە. سەیری هەر شوێنێک دەکەی، بێ مودیرییەتی و بێ مشووری دەبینی، هەموو شتێک بە قەزا و قەدەر سپێردراوە و هیچکەس لە بیری چارەسەریی کێشەکاندا نییە، ئەگەر هەشبێ، بەجێی ئەوەی باشتر بێ، خراپتر دەبێ. هیچ داهاتوویەکی ڕوون نابیندرێ، ژیانی کوولەمەرگی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە. کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەسێنێ. بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکان دەبێ هەزینەیەکی زۆر بدەی، هەوڵ، نیگەرانی و تووڕەیی، خەمۆکی، هەست بە بەرپرسایەتی نەکردن و وێڵ کردن، ڕووکاریێکی جوان و ڕازاوە و نێوەرۆکێکی گەشە نەسەندووی ژێرجیهانی سێهەممان هەیە کە ئەوانە باش نین.