دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە تێیدا پێشکەشکاری یەکێک لە میدیا فارسییەکان بەناوی “من وتو” بە لاتاولێدان دەیهەوێ نێوان دوو شاری هەرە گرینگی کوردستان واتە کرماشان و سنە دووبەرەکی بنێتەوە ، خەڵکی شاری سنە لە ڕێگای جۆراجۆرەوە هەڵوێستیان گرت و وڵامی بێڕێزی کردنی پێشکەشکاری کاناڵی “من و تۆ”یان دایەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە بێژەران، هونەرمەندان، چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد بەتایبەتی خەڵکی شاری سنە وکرماشان لە ڕێگای جیاجیاوە بەرانبەر بەو دووبەرەکییە هەڵوێستیان گرت و، ڕایانگەیاندوە کە کرماشان دڵی کوردستانەو برایەتی و خوشکایەتی ئێمە بە لاتاو هاوێشتن و دووبەرەکی نانەوەی هیچ کەس ناپچڕێ.
جێی ئاماژەیە ئەو پێشکەشکارە فارسە لە یەکێک لە بەرنامەکانیدا، بێ ئەوەی پێویست بکات بە ناو هێنان لە خەڵکی شاری سنە ، بێڕیزی بە هەستی نەتەوەیی خەڵکی شاری خۆشەویستی کرماشان کرد و هەرئەمەش کاردانەوەی خەڵکی شاری سنەی لێکەویەوە.
لەدرێژەی کاردانەوەکان لەو بارەوە چالاکانی مەدەنی و هونەری و سیاسیی کورد بە توندی ڕەخنەیان لەو ئاژاوەنانەوەی کاناڵی”من وتو” گرت و، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی بەفرانبار بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شاری لەسەر هەستی سنە بە دروشمی ” کوردستان یەک وڵاتە ،کرماشان ڕۆژهەڵاتە” ، بژیت برایەتییمان ، خەبات و یەکیەتیمان” هەڵوێستێکی نەتەوەییان گرت و پەیامێکی روونیان گەیاند بە هەر کەس و لایەنێک کە بیهەوێ لە نێوان خەڵک و شارەکانی کوردستان دووبەرەکی بنێتەوە.
شیاوی باسە ئەو ڕووداوە بۆتە هۆی هاوپێوەندییەکی پتەو لە نێوان خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی دووشاری سنەو کرماشان.