دەوڵەتی ئاڵمان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی واتە ٧ ڕۆژی دیکە هەموو گەشتەکانی فڕۆکەوانی کۆمپانیای ” ماهان “ی ئێران قەدەغە دەکا.
کۆمپانیای “ماهان” لە ساڵی٢٠١١ی زایینیەوە بە هۆی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران، کەوتۆتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی “بیلد” لە ڕاپۆرتێکدا ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئاڵمانی پشتراستکردەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕاگرتنی گەشتی فڕۆکە ئێرانییەکان لە دوای چەند کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئاڵمان پەسەندکراوە و بەپێی ئەو بڕیارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە هەموو گەشتەکانی کۆمپانیای ” ماهان” بۆ ئاڵمان قەدەغە دەکرێن.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “بیلد” فڕۆکەکانی کۆمپانیای ” ماهان” زیاتر لە ١٠٠ جار بە شێوەی نایاسایی لە نێوان تاران و دێمەشق چەک و تەقەمەنیان گواستۆتەوە بۆ میلیشیاکانی سپای پاسداران لە سووریە و دەوڵەتی بەشار ئەسەد.
هەروەها ئەو کۆمپانیایە بە فەرمانی سپای پاسدران و دەوڵەتی بەشار ئەسەد، چەند گەشتێکی تایەتیی ئەنجام داوە. چەند شاهیدێک ڕایانگەیاندوە کە کۆمپانیای “ماهان” کەتائیبی حیزبووڵڵای عێراق، تێرۆریستەکانی حیزبووڵڵای لوبنان و ئەفغانییەکانی گواستۆتەوە سووریە بۆ شەڕی دژبەرانی بەشار ئەسەد.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە ئاڵمانییەکانی ڕاگەیاندوە کە گەشتی فرۆکەکانی “ماهان” بۆ ئاڵمان ، مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر هاونیشتیمانیانی ئەمریکایی.