ئەنجوومەنی ئەدەبی و فەرهەنگی نەوژین / دامەزراوەی زاگرۆس لە شاری سنە شەوی ڕابردوو ٣٠ی سەرماوەز بە بۆنەی شەوی چلە(یەڵدا) ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوەبرد.
ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی شارەکانی کوردستان لە شاری سنە ئەو ڕێوڕەسمە بە شکۆیەکی کوردانەوە دەستیپێکرد و، تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.
لەو ڕێوڕەسمەدا چەند گرووپی مووسیقی و هەڵپەركێی کوردی بەشدارییان کردو کوڕەکەیان ڕازاندەوە.
گۆرانی “بەپیرۆز بەپیرۆز بێ جێژنی لە دایکبوونت” لە شەوی یەڵدای شاری سنە دەنگیدایەوەو ئامادەبووان بەچڕینی ئەو گۆرانییە دڕێژەیان بە ڕێوڕەسمەکەدا.
لە بەشەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە فۆلکلۆربێژێکی لەیلاخی گۆرانییەکی ڕەسەنی پێشکەش کرد و، پاشان کاوە بەهمەنی دوو پارچە شێعری نیشتمانی خوێندەوە.
چڕینی هۆرەی دوو قووڵی لە لایەن دوو لاوی خەڵکی “نیەر” بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو.
ئەو ڕێوڕەسمە کە لە کەشێکی کوردانەو شۆڕشگێڕانە بەڕێوەچوو، بە هەڵپەڕکێی گشتی کۆتاییپێهات.
شیاوی باسە شەوی ڕابردوو لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕێوڕەسمی هاوشێوە بەڕێوەچوو.