دەوڵەتی ئاڵبانی “غولامحوسێن محەممەدنیا” باڵوێزی ئێران و یەکێک لە دیپڵۆماتەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک دوو مۆرەی نەشیاو لە وڵاتەکی دەرکرد.
دەرکردنی ئەو دوو کەسە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر دەوڵەتی ئاڵمان یەکێک لە دیپڵۆماتەکانی ئێرانی بە ناوی “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی ” لە پێوەندی لە گەڵ هەوڵدان بۆ دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی یەکێک لە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئێسلامی دەسبەسەر و ڕادەستی دەوڵەتی بێلژیکی کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئاڵبانی باڵوێزی ئێران و یەکێک لە دیپڵۆماتەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە تۆمەتی چالاکیی نایاسایی کە ئەمنییەتی وڵاتەکەیانی خست بووەو مەترسییەوە، لە ئاڵبانیی وەدەرنا.
لە ئاڵبانی زیاتر لە دوو هەزار کەس لە ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران نیشتەجێن کە دوای داخستنی کەمپی ئەشڕەف لە عێراق ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراون.
لەپێوەندیی لە گەڵ ئەو هەنگاوەی دەوڵەتی ئاڵبانی، جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ” ئەدی ڕاما” سەرۆک وەزیرانی ئاڵبانی باڵوێزی ئێرانی وەدەرنا، ئەو هەنگاوە هەڵگری پەیامێکە بۆ ڕێبەری ئێران کە پشتیوانی لە تێرۆریزم جێگەی قبووڵکردن نییە.
“جان بۆڵتۆن ‘ لە درێژەی تویتەکەیدا دەنووسێ: ئێمە پشتیوانی سەرۆک وەزیران و خەڵکی ئاڵبانیین کە دژی کردەوە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێرانن لە ئورووپا و سەرانسەری جیهان.
هەر لەو پێوەندییەدا، “مایک پمپئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا وێڕای داواکاریی لە وڵاتانی جیهان بۆ یەکگرتوویی لە بەرانبەر هەوڵە تێرۆریستیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و لە سەر دەرکردنی باڵوێز و دیپڵۆماتەکەی ئێران، سپاسی ئەو هەنگاوەی سەرۆک وەزیرانی ئاڵبانی کرد.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دواییانەدا تووشی گرژی و ئاڵۆزی دیپڵۆماتیک بووە لە گەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا بە تۆمەتی دەستێوەردانی کاربەدەستەکانی لە بۆمب دانانەوە و هەوڵی کوشتنی دژبەرەکانی دا.
دەوڵەتی دانمارک بە توندی ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و باڵوێزەکەی خۆی لە ئێران کشاندەوە و دەوڵەتی هولەندیش دوو دیپڵۆماتی ئێرانی لە وڵاتەکەی وەدەرنا.
شایانی باسە کە دەوڵەتی فەڕانسەش لە پێوەندی لە گەڵ دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، سامان و دارایی دوو دیپڵۆماتی ئێرانی ڕاگرت و یەکیک لە دیپڵۆماتەکانی لە فەڕانسە وەدەرنا.