ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، شۆفیری ئوتووبوسەکانی کەرتی تایبەتی “ئوتووبووسڕانی زەنجان” لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەنداندا بە هۆی كێشە و گرفتەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.
شۆفیرەکان ن لە بەرابەر چوونە سەری نرخی کەلوپەل و کرێ و کێشە و گرفتەکانی ژیان خۆپێشاندانیان وەڕێخست و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
یەکێک لە ناڕازیان بە “ئیلنا”ی گوت: ئێمە زیاتر لە ١٤٠ شۆفیری ئوتووبووسی ناوشار کۆبووینەوە تا ناڕەزایەتیی خۆمان دەرببڕین لە بەرابەر گرانی و بیمەی بێکاری و چوونە سەری نرخی کەلوپەل و هاتنەخواری هەقدەستی شۆفیرەکان.
پێشتر بەشێک لە بیمەی بێکاری دەوڵەت دەیدا، بەڵام ئێستا ئەو شیرکەتە دراوەتە کەرتی تایبەت و بیمەکە هەمووی کەوتۆتە سەرشانی خۆمان. ئێمە لە گەڵ ئەوەی کە خاوەنی ئوتووبووسی خۆمانین بەڵام داهاتەکەی بەشی ژیان و گوزەرانمان ناکات.
لە گەڵ ئەوەی کە داواکاری و ناڕەزایەتیی خۆمان گەیاندۆتە کاربەدەستانی دەوڵەت بەڵام بەداخەوە ئەوان وڵامی ویست و داواکاریەکانیان نەداوینەوە.
شایانی باسە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا شۆفیری بارهەڵگرەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان بە دۆخی خراپی ژیان و کەمیی داهات و وەڵامنەدانەوەی کاربەدەستانی دەوڵەت دەربڕی بەڵام تا ئێستاش کاربەدەستانی دەوڵەت لە بەرابەر داواکاریەکانیاندا هەر بێدەنگن و وڵامێکیان بە داواکانیان نەدراوەتەوە.