لە لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی ئورووپایی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کراوە بەوەی کە دەستی وەرداوەتە کاروباری نێوخۆیی ١٤ وڵاتی موسلمانی ناوچەکە و پەرەی بە تێرۆریزم داوە.
“ئستوران ئستیونسۆن” بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئازادیی عێراق” لە وتارێکدا کە هەواڵدەریی ” یونایتدپرێس” بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.
لەو لێکۆڵینەوەدا هاتووە کە لە سەرەتای گفتوگۆی ئەتۆمی ئێران و زلهێزەکانی دنیا، دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،سووریە، یەمەن و لوبنان زیادی کردووە.
“ئستیونسۆن” لە درێژەی وتارەکەیدا نووسیویەتی: سپای پاسداران چەک و تەقەمەنی و کانتینێری هەڵگری چەک بە قاچاغی ڕەوانەی یەمەن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکا و لە ناوچەکەدا شەڕی بە وەکالەت دەکا و پەرە بە تێرۆریزم دەدا.
ئەو لێکۆڵینەوە کە بە هاوکاریی ” کومیتەی نێونەتەوەیی “ڕهیابیی عەدالەت” ئامادە کراوە، ئاماژە بە کۆمپانیاکانی سەر بە سپای پاسداران دەکا کە کۆنتڕۆلی ٩٠ لەنگەرگە و ٤٥ لەسەدی داهاتی ساڵانەی ئەو لەنگەرگەیانەی لە ئیختیار دایە.
سپای پاسداران لە ڕێگەی ئەو لەنگەرگەیانەوە بۆ ئاژاوەنانەوە، چەک و تەقەمەنی بە قاچاغ بۆ میلیشیاکان ڕەوانە دەکا.
حوسێن عابدی لە “کومیتەی سیاسەتی دەرەوەی بەرەنگاری نەتەوەیی ئێران”دەڵی” ئەگەر ئێمە جیددین بۆ شەڕ لە گەڵ توندڕەوی و بە خراپ کەڵکوەرگرتن لە ئیسلام، دەبێ کاربەدەستانی سپای پاسداران و کۆمپانیاکانی سەر بە سپا گەمارۆیان بخرێتە سەر و، لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست وەدەربنرێن. ئەو لێکۆلینەوەیە لە ئاکامدا دەڵێ” پێویستە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر هەوڵ و چالاکییەکانی بە قاچاغبردنی چەکوچۆڵ لە سەر ئێران جێبەجی بکرێ و میلیشیاکانی ئێران لە یەمەن و عێراق دەربکرێن.
بڕیارە ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لە سەر نەخشی تێکدەرانەی سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە، بدرێتە بریتانیا و ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا تا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر گەمارۆکانی سپای پاسدران کەڵکی لێوەربگرن.