بەشار ئەسەد ڕۆژێك پاش ڕاگەیەندرانی لێبوردنی گشتی بۆ سەربازە هەڵاتووەكان، ڕاشكاوانە گوتی ئەرتەشی سووریە بەهۆی كەمیی هێز چاوپۆشی لە شەڕ لە هێندێك لە ناوچەكانی ئەم وڵاتە دەكا.
بەشار ئەسەد سەركۆماری سووریە، ڕۆژی یەكشەممە لە قسەكانیدا كە تەلەڤیزیۆنی ئەم وڵاتە بڵاو دەكراوە، گوتی: هێندێك جار، لە بارودۆخی تایبەتدا ناچارین بۆ کۆکردنەوەی هێز لەم ناوچانە كە دەمانهەوێ بیانپارێزین، چاوپۆشی لە كۆمەڵە ناوچەیەكی دیكە بکەین.
بەپێی دوایین لێكدانەوەكان لە سەرەتای بشێوییەكان لە سووریە لە ٤ ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئێستا پتر لە ٨٠ هەزار کەس لە هێزەکانی ئەرتەشی ئەم وڵاتەو گرووپە لایەنگرەكانی ئەسەد لە ڕەوتی شەڕ لەگەڵ دژبەرانی ئەسەددا كوژراون.
هەروەها بەپێی ئاماری چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە ژمارەی سەرجەم كوژراوانی شەڕی نێوخۆیی سووریە گەیشتۆتە نزیكەی ٢٣٠ هەزار كەسو نزیكەی ٧٠ هەزار كەسیش لە هێزەكانی ئەرتەشی ئەم وڵاتە، خۆیان لە خزمەت كردن دزیوەتەوە و هەڵاتوون.
شایانی باسە ئەرتەشی سووریە لەگەڵ كەمیی هێز بەرەوڕوویەو بەدوای هاندانی خەڵك بۆ پێویست بوون بە هێزەكانی خۆیەتی؛ هەر بۆیە بەشار ئەسەد لە فەرمانێكدا لێبوردنی گشتی بۆ تەواوی سەربازە ڕاكردووەكانی ئەم وڵاتە دەركردووە.