لە شاری بانە هاوکات لەگەڵ نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە، ئاڵای کوردستان هەڵکرا و بەو جۆرە یادی ٢٦ی سەرماوەز بەرز ڕاگیرا.
رۆژی ڕابردوو بەشێک لە ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە لە چالاکییەکی دیکەدا ڕێزیان لە رۆژیادی ٢٦ی سەرماوەز گرت و، بەشێوەیەکی بەرفراوان تڕاکت و وێنەی پێوەندیداریان بڵاو کرایەوە.
لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوویەمین چالاکیی تەبلیغی خۆیان لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، وێڕای نووسینی دروشمی حەماسی ، لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و، لەو ڕێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان سەلماند.
بەشێک لەو گەڕەک و شوێنانەی شاری بانە کە تێیدا چالاکیی تەبلیغی کراون بریتین لە: همزەوا، کۆڵانی گوڵنار، گەڕەکی بیلال حەبەشی، گەڕەکی تەوحید، ساڵحاوا، پشت پاساژی خدری و ئیبراهیمی، لەگەڵ چەندین شوێن و گەڕەکی دیکەی ئەو شارە.
شیاوی باسە دوو رۆژ لەمەوپیش لە چەندین ئاوایی و گوندی بانە چالاکیی هاوشێوە بەڕێوەچوو.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گەرمی سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە لایەنگرانی حیزب لە شاری بانە دەکا و ، هیوای سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.