دوو ڕۆژ پێش بۆ جارێکیتر هەواڵی بە قاچاغ بردنی خاکی گێڵگەکانی وڵات بۆ ئیمارات و قەتەر، لە لایەن عەلی موریدی سەرۆکی گشتیی ئاو و خاکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە پشتڕاستکرایەوە و هەروەها جەلال مەحموودزادە نوێنەری مەهاباد لە مەجلیس، باس لە بە قاجاغ بردنی داری دارستانەکانی زاگرۆس دەکا.
لە گەڵ ئەوەی کە بە قاچاغ بردنی دار و خاکی وڵات هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگەی ئێران بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم ئەم مەسەلەیان بەلاوە گرینگ نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ‘ئیلنا” جەلال مەحموود زادە کە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ و ئاو و کانگەی سروشتییە، دەڵێ: لە چەند مانگی ڕابردوودا فرۆشتنی لێڕەوارەکانی زاگرۆس و ڕۆژاوای وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ناوەندی پاراستنی ژینگە لە سەر لە ناوچوونی دارستانەکانی وڵات بێدەنگە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا گوتی: لە گەڵ ئەوەی کە بڕیار درا گەڵالەی پێڕاگەیشتنی لێڕەوارەکان جێبەجێ بکرێ و هەتا ٣ ساڵ کەس مافی نەبێ دەسکاریی ئەو دارستانانە بکا، بەڵام بەداخەوە لە چەند مانگی رابردوودا فرۆشتن و لەناوبردنی لێڕەوارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
فرۆشتن و بە قاچاغ بردنی دارستانەکان نەک هەر بۆ دەرەوەی وڵات بەڵکوو بەشێوەیەکی بەرچاو دەفرۆشرێتە کارخانەکانی نێوخۆ و سوودەکەی دەچێتە گیرفانی چەند دەڵاڵێکەوە کە ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر لێڕەوارەکان و ژینگەی وڵات.
شیاوی باسە هەر لەو پێوەندییەدا ئەنجوومەنە ژینگەپارێزەکانی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەی جیاجیا نیگەرانی خۆیانیان لەو بارەوە دەربڕێوە.