سەرتیپ پاسدار قودرەتوڵڵا مەنسووری فەرماندەی قەرارگای سامنولئەممەی هێزی وشکانی سپا کە دەگوترێ کەسێکی گاریگەر بووە لە پرۆسەی ڕاهێنانی فەرماندەکانی ئەلقاعیدە لە قەرارگای سپای قودس لە خۆراسان، لە شوێنی کارەکەی خۆی بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
بەشی پێوەندییەکانی گشتیی سپا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەو فەرماندە لە کاتی خاوێنکردنەوەی چەکەکەی دا تووشی ئەو ڕووداوە بوو و گوللەیەک بەر سەری کەوتووە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیج سەرتیپێکی سپا چەکەکەی خۆی خاوێن ناکاتەوە و بێجگە لەوەش ئەو ڕووداوە بۆ کەسێکی تازەکار جێدەگرێ، بەڵام بۆ فەرماندەیەکی بە ئەزموونی سپا جێگەی باوەڕ نییە. لە کاتێکدا کە سپای پاسداران مەرگی ئەو فەرماندەیە بەو شێوە بلاو دەکاتەوە بەڵام دوو مێدیای بناژۆخوازان مەرگی ناوبراو بە هۆی نەخۆشی درێژخایەن بڵاو دەکەنەوە.
لەو پێوەندییەدا باشگای هەوڵنێرانی جەوان، بڵاویکردەوە کە ئەو فەرماندەیە دوای ماوەیەک نەخۆشی درێژخایەن گیانی لە دەست دا بەڵام هەر بە دوای ڕاگەیەندراوەکەی سپا دا ئەویش هەواڵەکەی خۆی دەسکاری کرد.
پایگای هەواڵدەریی “سوبح تووس” لە گەڵ ئەوەی کە مەرگی ناوبراوی گەڕاندەوە بۆ نەخۆشی درێژخایەن ، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە ناوبراو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مەشهەد گیانی لە دەستداوە.