دوانیوەڕۆی هەینی ١٥ی دیسەمبری ٢٠١٨، بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردان دانیشتووی نۆروێژ و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، تەرمی تێکۆشەری دێرینی دیموکرات و شاعیری نیشتمانپەروەر، ئەنوەرخان سوڵتانپەنا، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی دەوروبەری شاری ئۆسلۆی وڵاتی نۆروێژ بە خاک سپێردرا.
بەدوای بەخاکسپاردنی تەرمی شاعیری کۆچکردوو مام ئەنوەر سوڵتانپەنا، ڕێوڕەسمێکی شایان لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی… بۆ هاوخەمی لە گەڵ بنەمالەی سوڵتانپەنا، بەڕێوە چوو. لە مراسمەکە دا، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵێک کەسایەتی، لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تیکۆشانی ئەنوەرخان، قسەیان کرد و ڕێزیان لێ گرت.
هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای سەدان کەس لە تێکۆشەرانی دێرین و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بەشداری مراسمی دواماڵاوایی لە تەرمی رەوانشاد ئەنوەر سوڵتانپەنا بوون و تاجە گوڵینەیان لە سەر مەزار و لە بەرامبەر وێنەکەی دانا. لەو مەراسمەدا، هاوڕێ قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی ، پەیامی هاوخەمیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی بە بنەماڵەی ڕەوانشاد ئەنوەرخان راگەیاند و بەڕێز و پیزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئەنوەرخان و هەر وەها براگەورەکەی، نەمر قادرخان سوڵتانپەنا لە سەردەمی ڕێژیمی شایەتیدا دوا و بەشداریی بەرین و تێکۆشانی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ڕێزەکانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان بە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا، بەرز نرخاند. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب، لە سەرخزمەتە ئەدەبییەکان و پەیام و ناوەرۆکی شێعرەکانی شاعیر بە تایبەتی پەیامی نەتەوەیی و یەکیەتیخوازانەی هەڵوێستەی کرد .
لە بڕگەکانی دیکەی مراسمەکە دا، وتە و پەیامی هاوخەمیی چەندین حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتی پێشکێش کران. پەیامی هاوخەمیی کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی ناسراوی کوردستان، مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادەی بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە ئەدیب و خەباتگێڕە، یەکێک لەو پەیامانە بوو کە لە لایەن مامۆستا عاشق ئیسماعیلی هاوڕێی دێرینی ئەنوەرخان، پێشکەش کرا.
هەروەها لەو رێوڕەسمەدا خاتوو کوێستان گادانی لە وتەیەکدا پەیامی سەرەخۆشی و هاودەردیی بنەماڵەی گەورەی گادانی پێشکەشی بنەماڵەی بەڕێزی سوڵتانپەنا کرد.