گەورەترین وەبەرهێنەری نەوتی ڕووسیە بڕیاریدا واز لە وەبەرهێنانی پرۆژەی ٣٠ میلیارد دۆلاری نەوت و گازی هاوبەشی ئێران و ڕووسیە بینێ. کۆمپانیای “رۆزنەفت” وازهێنانی پرۆژەکەی لە ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەروەها پەرەپێدانی بەرهەم لە وڵاتی ڕووسیە.
“ڕۆز نەفت” یەکەمین کۆمپانیای ڕووسی نییە کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە واز لە گرێبەست و بەرهەمهێنان لە گەڵ ئێران دێنێ، بەڵکوو پێشتریش کۆمپانیایەکی ڕووسی بە ناوی ” دانا ئێنێرژی” گرێبەستێکی ٧٤٠ میلیۆن دۆلاری بۆ پەرەپێدانی کانگەکانی نەوتی “ئابان”لە گەڵ ئێران ئیمزا کردبوو، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران هەموو پرۆژەکانی خۆی لە گەڵ ئێران ڕاگرت و کۆتایی بە کارەکانی هێنا و ڕایگەیاند کە ئەگەر بکەوینە ژێر گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ئەوە تووشی زیانیکی گەورە دەبین.
هەر لەو پێوەندییەدا ” لوک ئویل” دووهەمین وەبەرهێنەری نەوتی ڕووسیە ڕایگەیاند کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، هەموو پرۆژەکانی خۆی بۆ وەبەرهێنانی لە خاکی ئێران دا ڕاگرتووە.