لە سەیرانگای “خەیرەزنە”ی سنە ، پەردە لەسەر پەیکەرەی شاعیری “شارەکەم سنە” لادرا.
رۆژی هەێنی ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز، لە کۆڕێکی فەرهەنگیدا بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاوە لە خەڵکی شاری سنە و بە بەشداریی گرووپەشاخەوانییەکان و کۆمەڵێک لە کەسایەتییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەو شارە، پەردە لە سەر پەیکەرەی” مامۆستا مەحیەدین حەقشناس” لادرا و، ڕێز لە خزمەتەکانی ئەو شاعیرە گەلدۆست و خەمخۆرە گیرا.
شیاوی باسە “مەحیەدین حەقشناس” لە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاویی لە شاری سنە لە دایک دەبێ و، وەکوو کەسێکی خاوەن بەهرە لە بواری ئەدەبیاتدا کۆمەڵێک شێعری کوردی و فارسی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوە، کە بەرچاوترینی شیعری ٦٠٠ بەیتی ” شارەکەم سنە”یە، کە بە زمانێکی پاراو و، هەستێکی جوان باس لە زاراوە و کەلتوور و مێژووی شاری سنە و ناوچەی ئەردەڵان دەکا.
ئالبۆمی شێعری “شارەکەم سنە” وەکوو بەرهەمێکی فەرهەنگی کە لە دوو کاسێت بە میووزیک و مووسیقی کوردی ڕازاوەتەوە لە لایەن خەڵکی کوردەوە پێشوازی زۆری لێکراو، بۆ بە هۆی خۆشەویستی زیاتری مامۆستا مەحیەدین حەقشناس لەنێو خەڵکی کورد.
مامۆستا حەقشناس شاعیرێکی خەڵکیی و، کەسایەتییەکی خۆشناو بوو ، کە چەند کەڕەت وەکوو کەسایەتی “ساڵ” هەڵبژێردرا و ڕێزی لێ گیرا.
ئەو شاعیرە ناودارە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویی لەشاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جێیئاماژەیە پەیکەرەی مامۆستا هەقشناس ، بەرهەمی هونەرمەند هادی زیائەدینی پەیکەرتاشی ناسراوی کوردە، کە رۆژی هەێنی پەردەی لەسەر لاردا.