ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجومەنی ژینگەیی “وڵات”ی بۆکان دەربڕی. لەو پشتیوانییەدا بەربەست و گوشارەکانی شارەوانی و فەرمانداریی بۆکان لەسەر ئەم ئەنجومەنە مەحکووم کراوە.
دەقی نامەی پشتیوانییەکە بەمجۆرەیە:
بۆ پشتیوانی لە ئەنجومەنی “وڵات”ی بۆکان
بەشداربوونی رێژەی تاک لە چالاکیەکانی کۆمەڵگا، نیشانەی کۆمەڵگایەکی گەش و زیندووە.
هەر لە سەرەتای شارستانییەتەوە، بەرنگاربوونەوە لەگەڵ گرفتەکان و هەڵوێست نواندن هەمبەر کارەساتەکان، پێش خستنی مڕۆی تا ئەمڕۆکە رایی کردوە.
چارەسەری کێشە ژینگەییەکان، ئەرکێکە کە کەس و لایەن و رێکخراوەی بۆ نییە، ئەرکێکی گشتییە و هاوکاری و هاوخەمی هەموو کۆمەڵگای دەوێ و چاوپۆشی لەو کێشانە، کارەساتی گەورەتری لێ دەبێتەوە.
سازکردنی کۆسپ و لەمپەر لەبەر دەم کار و چالاکی ژینگەیی، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئەرکی دەوڵەت یەک ناگرێتەوە بگرە دانانی یاسا لە ئەستۆی حکوومەتە و دەبێت ئەو کەلێنەی لە کەم و کورتی چالاکی گەل درووست بوە، پڕ بکاتەوە.
لێرەدا ئێمە داواکارین کە دەزگا و رێکخراوە حکوومەتیەکان لەسەر ئەرکی خۆیان هاوکار و پشتیوانی تاکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر بن.
پاراستنی ژینگە بابەتێکی جیهانیە و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لای زۆر وڵاتان ساز کردوە و هەر وڵاتێک، ساڵانە بڕێکی زۆر بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرفتە ژینگەییەکان تەرخان دەکەن.
تگەرە خستنە سەر رێگەی ئەنجومەنی ژینگە پارێزانی شاری بۆکان و بەرگری لە چالاکوانانی دڵسۆزی بۆکان لە لایەن شارەوانی و فەرمانداری ئەم شارەوە، دوور لە هەر یاسا و رێسا و نەریتێکی کۆمەڵگایە؛ بەم بۆنەوە ئێمە وەکوو ئەنجومەنی ژینگە پارێزانی ژیانی سەوزی سەقز” ئەم کارە ئیدانە دەکەین و داوا لەو دوو رێکخراوە حکوومەتیە دەکەین کە بەرگری لەم رێکخراوە دڵسۆزەی ژینگە نەکەن؛ ئەگەر هاوکار نین، بەربەستیش نەبن.
۲۳ی سەرماوەزی ۹۷