بڕیاربوو شەوی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز لە کاناڵی دەنگوڕەنگی پارێزگای سنە، لە بەرنامەیەکی ئەدەبیدا باس لە بەرهەم و لێهاتووییەکانی “مامۆستا شێرکۆبێکەس” بکرێ، بەڵام بە هۆی دژایەتیی نوێنەری خامنەیی لەو پارێزگایەو، زەختی ناوەندە ئەمنییەکان، پێش لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەرنامە گیرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوەخۆجێیەکان، سید محەممەدحوسێنیی شاهروودی نوێنەری ویلایەت فقیهـ لە شاری سنە، ڕێگەی نەداوە کە لە بەرنامەی “پەروانە” کە بەرنامەیەکی حەوتووانەیە لە دەنگ وڕەنگی سنە و تایبەت بە ئەدەب وفەرهەنگە، باس لە شێرکۆبێکەس، شاعیری نەتەوەیی و ناوازەی کورد بکرێ .
نوێنەری خامنەیی لە سنە شێرکۆبێکەس بە کەسێکی “دژەدین و بێباوەڕ” لە قەڵەم داوەو ڕایگەیاندوە ئەگەر لە دەنگ وڕەنگی “کوردستان” باس لەو شاعیرە بکرێت، لە بەردەم بینای دەنگ وڕەنگی “کوردستان” لە شاری سنە مان دەگرێت.
دوای قسەکانی شاهروودی، ناوەندە ئەمنییەکان بڵاوبوونەوەی ئەو بەرنامەیان ڕاگرت و، هەروەها دەگوترێ کە بێهزاد ئیبراهیمی ئامادەکاری ئەو بەرنامەیە بانگکراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و لێپێچینەوەی لێکراوە.
پێویستە بگوترێ بەرنامەی باس کردن لە ژیانی هونەریی شێرکۆبێکەس شاعیری ناسراوی کورد بە هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان هەڵوەشایەوە.