پێشه‌كى:
پێویستیی هاوخەباتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە مەش زیاتر، پێویستیی پێکهاتنی بەرە یا هاوپەیمانەتییەک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران، لە مێژ ساڵە هەستی پێ دەکرێ و بووە بە ویست و داوای هه‌نوكه‌یی خەڵکەکەمان.
لە درێژەی دیدار و دانیشتنە چەند قۆڵیەکانی کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی ئێران لە ساڵانی رابردوودا و ئەزموونی پێکهاتنی کۆمەڵێک هاوهەڵوێستی و هاودەنگی لە نێوانیاندا، کۆبوونه‌وه‌ی هاوبەشی سەرکردایەتیی 5 حیزبی کوردستانی ئێران لە ٩/١/٢٠١٨(١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦) ، بڕیاری دامەزراندنی ناوەندێکی هاوکاری بە ئامانجی په‌ره پێدانی هاوکاری و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان، پەسند کرد. هەموولایەنە بەشدارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەش لە سەر پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی که هێزو توانایی حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێران بۆ کاری هاوبه‌ش کۆ بکاته‌وه و له ئاستی گشتی و نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نوێنه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا، وەک ئامانجی سەرەکیی ئەم ناوەندە، تەئکیدیان کردەوە. “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” لە دووهەم دانیشتنی ئەو ٥ لایەنە سیاسییە دا کە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦پێک هات، دامەزرا و بە ڕەسمی دەست بە کاربوونی خۆی ڕاگەیاند.
ناوه‌ندى هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران لە کاتی پێکهاتنیەوە تا ئێستا لە دانیشتنەکانی خۆی دا، زۆر پرس و بابەتی جۆراوجۆری پێوەندیدار بە حیزبە سیاسییەکان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستانی هێناوەتە بەر باس و هەڵویست و پەیام و بانگەوازی خۆی لە بارەیانەوە راگەیاندوە. ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری ئەم ناوەندە لە هەڵویستگرتن و تێکۆشانی دا، کۆمەڵێک ئامانج و پرەنسیپی سه‌ره‌كین کە لە بەرنامەی سیاسی و پەسندکراوەکانی هەر کام لە لایەنەکانی پێکهێنەری ناوەند دا، رەنگیان داوەتەوە. ئامانجەکان و پرەنسیپە هاوبەشەکان کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دوای زنجیرەیەک باس و بیروڕاگۆڕینەوە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی
۲۲‌ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی پەسندی کردوون و، بۆ جێبەجێکردن و وەدیهێنانیان تێ دەکۆشێ، ئەمانەن:
ئامانجەکان، ئەرکەکان و پرەنسیبە گشتییەکان
1- ناوه‌ندى هاوكاریى حيزبه‌كانى كوردستانى ئێران، نوێنه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گه‌ڵی کورد بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنى مافه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى ئەو گەلە له چوارچێوه‌ى ئێرانێكى دێموكرات، سێكۆلار و فيدراڵدا ده‌کات کە مافی نه‌ته‌وه‌كان و كهمايهتييه ئايینیهكان، مافی شارۆمه‌ندی و نێوەرۆکی جاڕنامه‌ى جيهانیی مافه‌كانى مرۆڤ، دابین بکات.
2 –ناوه‌ندی هاوکاری میکانیزمی کاری هاوبه‌ش لە نیوان حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌کانی گۆره‌پانی خه‌بات له کوردستانی ئێرانە و سه‌ره‌کیترین ئه‌رکی ئه‌م ناونده وه‌گه‌ڕخستنی پڕۆسه‌ی پێکهێنانى بهرهیەکی کوردستانی پێکهاتوو له حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌کانی كوردستانی ئێرانه.
3- پێکهێنانی یه‌کهه‌ڵوێستی و كۆده‌نگی لە نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات له ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕووداو، ئالوگۆر و پرسەکانی پێوەندیدار به ئێران و کوردستانی ئێران، كار و نوێنه‌رایه‌تی هاوبه‌ش بۆ كوردستانی ئێران له بواری نێونه‌ته‌وه‌یی وهەر وەها لە بارەی پرسەگرنگەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئەم ناوەندەیە.
4- ئهولهويیهتى ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران، هه‌وڵ و تێکۆشانی خه‌باتکارانه‌ی ئه‌ندامانی ناوه‌نده بۆ دابینکردنی یەکگرتوویی و کۆدەنگیی نێوان هێزه سیاسیه‌کانی ئەم بەشەی کوردستان، پشتیوانی له ئازادی سیاسی به گشتی و ئازادی ڕێكخراوه سیاسی و پیشه‌ییه‌كان و هه‌روه‌ها لێک‌گرێدانی خه‌باتی خه‌ڵك و حیزبه سیاسییە خەباتکارهکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی له کوردستانی ئێران و دابینبوونی مافەکانی گەلی کورد.
5-ناوەندی هاوکاری، پشتیوانی خه‌باتى ژنانی کوردستان له پێناو یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی له‌گه‌ڵ پیاوان له هه‌موو بواره‌كان و داخوازييهكانيانە و، تێده‌كۆشێ لە لایەکەوە بوار بۆ بەشداریی زیاتر وچالاکانەتریان لە خەباتدا بڕەخسێنێ، لە لایەکی تریشەوە پرسی ڕەوای ژنان و داخوازەکانیان بۆ یه‌كسانی له‌گه‌ڵ پیاوان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و حەقخوازانەی کوردستانی ئێران، جێگە و پێگەیەکی دیار و سه‌رده‌میانه‌ی هەبێ.
6-ناوەندی هاوکاری لە گەڵ كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌موو شكڵ و شێوازه‌كانى خه‌بات دایە. ئەم ناوەندە هاندەر و پشتیوانی هاوده‌نگى و یەکگرتوویی نێوان خه‌باتكارانى مه‌ده‌نى، سياسی، فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵايه‌تى لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتە و لە سەر ئەم باوەڕەیە کە پێوەندیی نزیک و ڕێز لێکگرتنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بزووتنەوەی مەدەنیی نیوخۆ، زامنی بە هێزبوونی بزووتنه‌وه‌ى نەتەوەیی وئازاديخوازى لە کوردستانی ئێران لە تەواوەتیی خۆی دایە.
7- له ئاستی سه‌رانسه‌ری(ئێران)دا، ناوه‌ندی هاوکاری پشتیوانی له خه‌باتی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئێران دژی ڕێژیمی دیکتاتوری کۆماری ئیسلامیی ئێران و نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دەکا و، له‌م قۆناغه‌ی ئێستای خه‌باتدا ئامانجه گشتييه‌كان و سیاسەت و هەڵوێستى بزووتنه‌وه‌ى گه‌لى كورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، بەرامبەر پارچه‌كانى ديكه‌ى كوردستان و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزيسيۆنى ئێرانى، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تى، رێژیمی كۆمارى ئيسلامیى ئێران‌دا، یەک دەخات.
8- گرنگیدان و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى دێمۆكراسيخوازانه له ئێران و پێکه‌وه گرێدانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد و نه‌ته‌وه بندەستەکانی ديكه‌ى ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له دژى رێژيمى كۆمارى ئيسلامیى ئیران، به‌شێك له سياسه‌تى هەمیشەیی ناوه‌ندی هاوکارییه. بنەمای ئەم ناوەندە بۆ هاوکاری وهاوپەیمانی لە گەڵ هیز و لایەنە سەرانسەرییەکانی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ داهاتووی ئێران‌دا، به ره‌سمییه‌ت ناسینی مافى دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان به تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورده، قبووڵکردنی دێمۆكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەکە.
9- ناوەندی هاوکاری، بە سازدانى ديدار و چاوپێكەوتن له‌گه‌ڵ ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی بڕيار، بۆ راکێشانی ڕای گشتی و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لە خەباتی گەلی کورد و داخوازەکانی ئەو گەلە تیدەکۆشێ. گوتاری ئەم ناوەندە له بوارى نێونه‌ته‌وه‌یی و ديپلۆماسيدا داواكارییه بۆ ئێرانێكى ئازاد و لە ئاست کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا دەروەست(متعهد) كه پشتيوانى له تيرۆريزم، ده‌ستێوه‌ردان و شەڕخوازى له ناوچەدا رەت بکاتەوە، بوون ومافى نه‌ته‌وه جۆراوجۆرەکان و ئايين و كهمايهتييه جیاوازەكان لە نیو ئیران‌دا بهرهسمى بناسێت.
10- بنەمای هه‌ڵوێست و سياسه‌تى ناوه‌ندى هاوكارى له ئاست وڵاتانى پێوه‌نديدار به پرسی كورد لە ناوچەدا، بەرژەوەندەی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە ئەو پرهنسيبهیه كه زيان و خه‌سار به بەرژەوەندەی نەتەوەیی لە به‌شه‌كانى ديكه‌ى كوردستان نه‌گه‌يه‌نێت. ئامانجی ناوەندی هاوکاری، پاراستنى سه‌ربه‌خۆيی سياسی بزووتنه‌وه‌ی كورد لە رۆژهه‌ڵاتی کورستانە. ئەم ناوەندە ده‌ستێوه‌ردان و به‌ديل سازى له هه‌ربه‌شێکی دیکه‌ی کوردستان ڕه‌د ده‌كاته‌وه.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۲۲‌ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی