پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر لە هۆڵی شەهیدانی حیزبی شیوعی لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار دیبەیتی لاوانی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان بەدەستپێشخەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهات. بەشدارانی ئەو دیبەیتە بریتی بوون لە بەڕێزان پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاتوون شەونم هەمزەیی ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانج زیبایی ئەندامی پێشووی بەڕێوەبەریی یەکیەتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەحمەد بەکر ، ڕێبین خالید و سیروان گەردی لە باشووری کوردستان، خاتوون موزەیەن گونەش لە باکووری کوردستان و ئەحمەد محەممەد لە ڕۆژئاوای کوردستان. سەرەتابەڕێز پێشەوا عەلیپوور بە ورووژاندنی بابەتی یەکڕیزی نەتەوەیی و ڕۆڵ و پێگەی لاوان لە پێگەیاندنی ئاسایش و یەکڕیزی نەتەوەیی، هەروەتر دەربڕینی خۆشحاڵی و ڕەزامەندی خۆی سەبارەت بە پێکهاتنی ئەو دیبەیتە کە لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون وتاری کرانەوەی دیبەیتەکەی دەستپێکرد. پێشەوا عەلی پوور هەروەها وتی کە ئێمەی لاوان پێویستە شارەزایی مێژوو یەكتر بین، بتوانین بە زاراوەی یەكتر قسە بكەین و گوتارێكی ھاوبەشی ئایدیالیستیمان بۆ داھاتوو ھەبێ کە ئەمە پڕۆسەی میلەتسازیمان بەقوەت دەکات. دواتر خاتوون شەونم هەمزەیی باسی ڕۆڵی ژنان و پێگەی ئەوانی لە کۆمەڵگا و چالاکییە مەدەنییەکان بەتایبەت توێژی لاوی ژنانی کرد. دواتر هەرکام لەبەشداربوان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە شێوەی دیبەیت باسی بابەتەکانی ڕۆژ، دۆخی هەنووکەیی کوردستان لە چوار بەشی کوردستان، گۆڕانکارییەکانی ناوچەیی، ڕۆڵی لاوان، نەتەوەسازی و یەکڕیزی ناو ماڵی کوردیان کرد. جێی ئاماژەیە کە ئەوە یەکەمین جارە کە بەو شێوەیە دیبەیتێک بۆ لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بەپێی وتەکانی بەشداربووان ئەوە دەکرێ دەستپێکێکی باش بۆ لێک نزیکبوونەوەی بیر و هرزە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بێ کە لاوەکان پێشڕەوی ئەو یەکیەتییە دەبن و دەبێتە هۆی یەکڕیزی گەلی کورد.