کۆمپانیای نەوتی چینی ” چاینا ناشناڵ پترۆلیوم” کە بە وتەی بەڕێوەبەرانی ڕێژیم، قەرار بوو جێگەی ” تۆتاڵ” بگرێتەوە، ڕایگەیاند کە وەبەرهێنان لە پرۆژەی گازی سروشتیی پارسی جنووبی هەڵدەپەسێرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویی، هۆی کشانەوەی ئەو کۆمپانیایە بۆ گوشارەکانی ئەمریکا و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی چین و ئەمریکایە.
ناوچەی پارسی جنووبی گەورەترین کانگەی گازی سروشتییە لە جیهاندا.
شایانی باسە کە وەبەرهێنان لە پرۆژەی گازی سروشتیی پارسی جنووبی تا پێش گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە هاوکاریی کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕانسە لە گەڵ ئێران بەڕێوە دەچوو، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە تۆتاڵ ڕایگەیاند کە لە درێژەدان بەو پرۆژەیە پەشیمان بۆتەوە.
سەرچاوەیەکی هەواڵ لە وتووێژیکدا لە گەڵ ڕۆیتێرز لە سەر پێگە و نەخشی هاوکاریی ئابووریی چین و ئەمریکا گوتی: پێوەندییەکانی ئەمریکا بۆ چین لە هەموو شتێکی دیکە گرینگترە.
هەر بۆیە کۆمپانیای میللی نەوتی چین، کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتییە، بێ ئەولاولا خۆی لە هەر شتێک دەبوێری کە لە پێوەندی لە گەڵ کاری بازرگانییدا زیان بە پێوەندییەکانی ئەمریکا و چین بگەیەنێ.
پێویست بە گوتنە، لە دوای کشانەوەی دەوڵەتی تڕامپ لە ڕێککەوتنی “بەرجام” بەشێکی بەرچاو لە شیرکەت و کۆمپانیا بینانییەکان لە ئێران کشاوەنەتەوەو یان پێوەندییەکانی خۆیانیان ڕاگرتووە.