کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕەسمی ڕایانگەیاند کە ئیددیعای کاربەدەستانی ئەمریکا لە سەر تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران ڕاستە و لەو پێوەندییەدا “سەردار ئەمیر عەلی عاجی زادە” فەرماندەی هێزی هەوایی سپای پاسداران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە گوتی: ئێمە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانمان ئەنجام دەدەین و تاقیکردنەوەی ئەو دواییانەمان زۆر گرینگ بوو”.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، ئەمیر عەلی حاجی زادە گوتی: کاردانەوەی ئەمریکاییەکان دەریخست کە تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئێران بەلای ئەوانەوە زۆر گرینگ بووە بۆیە هاواریان لێ هەستاوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێمە ساڵانە ٤٠ هەتا ٥٠ تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجام دەدەین و ئەو بابەتە گوشار دەخاتە سەر ئەمریکاییەکان.
لە پێوەندیی لە گەڵ تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئێران، ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر “پمپئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی تویتیری دا نووسی ” ئێران لەمڕۆژانەدا مووشەکێکی بالستیکی تاقیکردۆتەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە. ناوبڕاو ڕایگەیاند کە ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە و دواتر ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر داوای فەڕانسە و بریتانیا کۆبوونەوەیەکی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک هێنا بەڵام ئاکامێکی ئەوتۆی نەبوو.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زێدەخوازیی و سیاسەتی شەڕانگێزیی و توندئاژۆیی خۆی بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ گەڵانی ئێران و بەجێی بیرکردنەوە لە ژیان و چارەنووسی گەلانی ئێران، خەریکی پێک هێنانی دەستە و گرووپی تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامی بەو سیاسەتە هەڵانە و تێرۆری ئازادیخوازان و کۆکردنەوەی زانیاریی لە سەر دژبەرانی خۆی لە وەڵاتانی ئورووپایی دا ڕۆژبەڕۆژ لە نێو بیروڕای گشتیی جیهانییدا زیاتر تەریک و بێزراو دەبێ و ماوەی ٤٠ ساڵە بەو سیاسەتە هەڵانەی بۆتە مۆتەکەی ژیان و چارەنووسی خەڵکی ئێران و سوورە لە سەر درێژە پێدانی سیاسەتە هەڵە و کردەوە نایاسایی و ئاژاوەگێڕیەکانی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا.